سەردێڕ:

لە یادی دامەزراندنی سلێمانیدا چەندین چالاکی بەڕێوەدەچن

ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی کە جلوبەرگی کوردییان پۆشیوە
فۆتۆ: NRT
2019-11-14

1990 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ، ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، یادی ٢٣٥ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانییە و بەو بۆنەیەشەوە، چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە یەکێک لە چالاکییەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی سلێمانیدا ڕایگەیاند، لە ماڵی سۆفی کەریمی سەڕاج کەرنەڤاڵێک بۆ یادی سلێمانی بەڕێوەدەچێت و میوانان جلوبەرگی کوردییان پۆشیوە و بە کەشخەییەوە بەشداری یادەکە دەکەن.

هاوڵاتییەک لێدوانیدا و وتی، "داوا لە هەموو هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دەکەم لەم ڕۆژەدا جلوبەرگی کوردی بپۆشن و بە خەندە و دڵخۆشییەوە ئەم یادە بکەنەوە".

هەر بەبۆنەی یادی دامەزراندنی سلێمانییەوە، وابڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی پێشانگایەکی نێودەوڵەتی کتێب لە تاسڵوجە بکرێتەوە.

سلێمانی، شارێکی هەرێمی کوردستانە کە ناوەندی پارێزگای سلێمانییە. ئیبراھیم پاشای بابان لە ١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤دا ئەو شارەی دامەزراندووە و پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە گواستووەتەوە بۆ سلێمانی.

ماوەیەک لەمەوبەریش، لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، شاری سلێمانی بە یەکێک لە شارە داهێنەرەکان، لە بواری بەرهەمهێنانی ئەدەب و کەلتوردا، ناساند.

زانیاری زیاتر دەربارەی شاری سلێمانی بزانە.