سەردێڕ:

نەوەى نوێ: ئەگەر یەکێتى و پارتى چاکسازى راستەقینە نەکەن لە دەنگدانى دەستوری عێراقدا ڤیتۆى سێ پارێزگاکە دەشکێنین

فۆتۆ: 
2019-11-12

17369 جار خوێندراوەتەوە

جوڵانەوەى نەوەى نوێ رایگەیاند، ئەگەر یەکێتى و پارتى چاکسازیى راستەقینە نەکەن لە هەرێم، ئەوا لەکاتی دەنگدان بە دەستوری عێراقی، ڤیتۆى سێ پارێزگاکە دەشکێنن.

لە پێشوازیى ڤینسۆ گییۆم پوپۆ بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیى ئەوروپا لە هەرێم، کە سەردانی جوڵانەوەکەی کردبوو لە شاری سلێمانی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، ئەگەر پارتی و یەکێتی چاکسازیی کرداری نەکەن لە هەرێم، ئەوا جوڵانەوەکەیان ڤیتۆی سێ پارێزگاکەی هەرێم دەشکێنێت و لەگەڵ لایەنەکانی تر لە عێراق رێکدەکەوێت، کە دەستورێک تێپەڕێت، ئەگەرچی بە دڵی پارتی و یەکێتیش نەبێت، بەڵام لە خزمەت خەڵکی کوردستان و هاوڵاتییاندا بێت، نەک لە خزمەتی دوو پارتی دەسەڵاتدار، بۆیە پێویستە چاکسازیی راستەقینە لە هەرێم بکرێت، تا کار لە کار نەترازاوە.

کازم فاروق وتەبێژى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق و بارودۆخی هەرێمی کوردستان، بە نێردەى یەکێتیى ئەوروپاى راگەیاندووە، پشتیوانیی خۆپیشاندەرانی عێراق دەکەن و، پێیان باشە ئەم حکومەتە هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

راشیگەیاند، لەگەڵ هێزە کوردییەکان هاوڕا نین و بەشدارنابن لەگەڵیان لە هیچ هاوپەیمانێتى و فراکسیۆنێک، چونکە پێیانوایە پارتی و یەکێتی ئەجێندای خۆیان هەیە و خزمەتی کورد و پرۆسەی سیاسی ناکەن.

کازم فاروق بە نێردەى یەکێتیى ئەوروپاى راگەیاندووە، لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە لە تەقینەوەدایە و کەس پێشبینی ناکات کەی دەتەقێتەوە، ئەمجارەش بتەقێتەوە، تەقینەوەی توندوتیژ دەبێت، نەک مەدەنی، چونکە خەڵکی هەرێم پڕن و بەشێکی هاوڵاتییانیش باوەڕیان بە خەباتی مەدەنی نەماوە.