سەردێڕ:

سۆران.. ئاسایشی پارتی ڕۆژنامەنووسێکی دەستگیرکرد

ئامانج وەرتی، پەیامنێری سایتی سبەی
فۆتۆ: فەیسبووکی ڕۆژنامەنوسەکە
2019-11-12

4198 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی چوونی بۆ ڕووماڵکردنی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا، لە ناحیەی برادۆست، ئاسایشی پارتی، ڕۆژنامەنووسی سایتی سبەی، ئامانج وەرتی، دەستگیرکرد.

ئەمڕۆ ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، بەرپرسی مەکۆی سۆرانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمیر حاجی کەمال، بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، ئەو ڕۆژنامەنووسەی سایتی سبەی و کەناڵی کەی ئێن ئێن، لە ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە لەلایەن ئاسایشی پارتی لە برادۆست، دەستگیرکراوە.
بە
رپرسی مەکۆی سۆرانی گۆڕان ئەوەشی وت، لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بەدواوە، ئامانج وەرتی لە ڕێگای نامەیەکی دەنگییەوە، ئەوانی ئاگادارکردووەتەوە لە دەستگیرکردنەکەی لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە.

وتیشی، پەیوەندییان بە ئاسایشی پارتی و بەرپرسانی ئەو حزبە لەو ناوچەیە کردووە و لە وەڵامدا پێیانوتوون، "ئامانج لەلای ئەوان میوان دەبێت".

ئەو ڕۆژنامەنووسە، دوای ئەوەی دوێنێ دەنگۆی بۆردوومانی هەندێک ناوچەی برادۆست لەلایەن سوپای تورکیاوە هەبووە، ئەمڕۆ بەڕێکەوتووە بۆ ڕووماڵکردنی و لەکاتی کاری ڕۆژنامەوانیی خۆیدا دەستگیرکراوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، بەگوێرەی سەرنجی چاودێران، کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستاندا لە مەودایەکی تەسکدایە و هەندێکجاریش، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم کەمتەرخەمن لە پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووساندا.