سەردێڕ:

هەولێر.. کۆنفرانسێک لەبارەی پڕۆژە یاسای ریکلامی بازرگانی بەڕێوەچوو

فۆتۆ: 
2019-11-12

935 جار خوێندراوەتەوە

بە بەشداری ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و کۆمپانیاکان و شارەزایانی بوارەکە، کۆنفرانسێک لەسەر ریکلامی بازرگانی بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، لە هەولێر، لەپێناو باشترکردنی پێشنیازی پرۆژە یاسای ریکلامی بازرگانی کە چەند پەرلەمانتارێک ئامادەیان کردووە، بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان (بەتایبەتی لیژنەی ڕۆشنبیریی)، کۆمپانیاکان، مامۆستایانی زانکۆ و شارەزایانی بوارەکە، کۆنفرانسێک لەوبارەیەوە بەڕێوەچوو.

پەرلەمانتار موسلیم عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی ڕۆشنبیری و لاوان لە کۆنفرانسەکەدا بە ئێن ئار تی ڕاگەیاند، ئەوان لە چوار مانگی ڕابردوودا ویستویانە ئیش لەسەر گەڵاڵەکردنی پێشنیازە یاسایەک لەسەر ڕێکلامی بازرگانی بۆ بەرەوپێشبردنی بواری بازرگانی لە هەرێم، بکەن".

وتیشی، ئەو کۆنفرانسە هەر لەو پێناوەدایە و دەیانەوێت بە وەرگرتنی ڕا و سەرنجی ئامادەبوانی کۆنفرانسەکە، پڕۆژە یاساکەیان دەوڵەمەندتر بکەن. ڕاشیگەیاند، لە دانیشتی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەم پرۆژە یاسایە دەخرێتە بەرنامەی کارەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی قسەی چاودێران، بواری ریکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بێسەروبەرییەکی زۆری پێوەدیارە و بۆ ڕێکخستنیشی، پێویستی بە پرۆژە یاسایەکی تۆکمە و ڕێکوپێک هەیە.