سەردێڕ:

سەرۆکی ھەرێم: پێویستمان بە ھێزێکی نیشتیمانی ھەیە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-12

2586 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ھێزێکی چەکداری نیشتیمانی خاوەن دیسپلین و پرەنسیپی پێشکەوتوو ھەیە.

ئەمڕۆ ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، لە مەراسیمی دەرچوونی خوێندکارانی کۆلێژی سەربازیی زاخۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ھێزێکی چەکداری نیشتیمانی و یەکگرتووە کە دوور لە ھەموو ئینتیمایەکی سیاسی، حزبی، نەتەوەیی و ئاینیی، بێت.

ھاوکات ئەوەشی وت، ھێزی پێشمەرگە دەبێت دوور لە ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی بێت و نابێت بە ھیچ شێوەیەک لە یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسییەکاندا بەکاربھێنرێت.

سەرۆکی ھەرێم ئاماژەی بەوەشدا، ئیتر کاتی ئەوەیە ئازایانە کەموکوڕی و گرفتەکانیان لە بواری سەربازیدا چارەسەر بکەن و پەند لە ئەزموونەکانی ڕابردوو وەربگرن و ھێزێک پێکبھێنن کە لە یەک ناوەندی بڕیاردانەوە فەرمانی بۆ بێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لەکاتی شەڕی داعشدا، لەلایەن چاودێرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیشەوە، ڕەخنەیەکی زۆر لە شێوازی ڕێکخستن و شەڕکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە گیرا بەوەی کە بەشێک لە ھێزەکانی پێشمەرگە، ھێزی چەکداری لایەن و کەسایەتییەکانن.