سەردێڕ:

​سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان: دادگای فیدڕاڵی لەبەرژەوەندى هەرێم تانەیەکى یەکلاکردەوە

فۆتۆ: 
2019-11-12

4804 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی عێراق، بڕیاریدا دوو بڕگەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق هەمواربکاتەوە كە رێگری دەكرد لە دەنگدانی ھاوڵاتیانی ناوچە جێناکۆکەکان کە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.

رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەمە١٢ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩ دا، بە دەنگی هەشت دادوەر لە کۆی نۆ دادوەر دەنگدرا لەسەر هەموارکردنەوەی دوو بڕگە کە ڕێگری دەکرد لە دەنگدانی هاوڵاتیانی ناوچە جێناکۆکەکان کە ئاوارەی هەرێمی کوردستانن.

هەر بەپێی بڕیارەکەى دادگای فیدراڵی، ئاوارەكانی ئەو پارێزگایانە، كە زۆرینەیان كوردن و لە ھەرێمی كوردستان دەژین، دەتوانن بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی خۆیان بكەن.

لە ماوەکانی ڕابردوودا، پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقی هەموارکردەوە، کە بەپێی هەموارەکە ئەو هاوڵاتیانەی خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان بوون و دانیشتوی هەرێمی کوردستان بوون، ڕێگەیان پینەدەدرا لە لە هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان بڕیارەکەی پەرلەمانی بە نادەستوری لەقەڵەمدا و لە دادگای فیدڕاڵی تانەی لە بڕیارەکەدا.