سەردێڕ:

سێ ئەزموونی شکستخواردوو.. ئایا هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق سەردەگرێت؟

فۆتۆ: 
2019-11-11

2397 جار خوێندراوەتەوە

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە لە مێژووی ڕووداوەکانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر کاتێک نەتەوەیەکگرتووەکان دەستێوەدرانی کردبێت لە کێشەی ناوخۆی وڵاتەکاندا، ئەوا کێشەکە قوڵتر و ئاڵۆزتر بووە و نەیتوانیوە لە ماوەیەکی کەمدا چارەیان بکات.

هەر لە سوریا و لیبیاوە هەتا دەگاتە یەمەن، بەردەوامی خوێنڕشتن و توندوتیژییەکان تیایاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شکستانەی دەستێوەردانەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پرسە گەرمەکانی ناوچەکاندا، تۆمەتبارن بە هۆکاری درێژەکێشانی ئاژاوە و شەڕەکان.

هاوشێوەی عێراق پێشتریش نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەریەک لە سوریا و لیبیا و یەمەندا دەستێوەردانیان کردووە، بەڵام کێشەکانی ئەو وڵاتانە نەک چارەسەر نەبوون، بەڵکو ئاڵۆزتر بوون و هەتا ئێستاش ماوەی چەند ساڵێکە خوێن ڕێژی لەو وڵاتانە بەردەوامە. 

ئەمجارەشیان نەتەوەیەکگرتووەکان بە هەنگاوی نوێوە دەرکەوتەوە کە لەوانەیە شکۆدارکردنی خۆی بێت لە تەنگ و چەڵەمەکانی عێراقدا، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی عێراق، لە کاتێکدا ئەمە ئەو شتەیە کە عێراقییەکان لێی دەترسن ئەویش ئەوەیە ئەم هەنگاوەی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرەتایەک بێت بۆ درێژە کێشانی گرژی و ئاڵۆزییەکان کە بەم زووانە کۆتاییان پێنەیەت.

 

هەنگاوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراقدا چین؟

لە ١٠ی تشرینی یەکەمدا، نەتەوەیەکگرتووەکان لە نووسینگەی خۆیەوە لە عێراق، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان پلانێکی پێشکەشکرد، یەکێک لە پلانەکان بریتییە لە ئازادکردنی هەموو ئەو خۆپیشاندەرانەی کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون، هەروەها چیتر ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران نەبنەوە و دەستبکرێت بە لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕووداوی ڕفاندنەکان و ئەوەی کێ لە پشتی ئەو ڕووداوانەوەیە.

ئاماژەیانداوە بەوەی پەلەبکرێت لە دیاریکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی دەستییان هەبووە لە بە ئامانجگرتنی خۆپیشاندەران  و گواستنەوەیان بۆ دادگا، هەروەها دادگاییکردن و سزادانی ئەو کەسانەی بەرپرسن لە بەکارهێنانی هێز لە دژی خۆپیشاندەران، یان بەرپرسن لە ئەنجامدانی هەر توندوتیژییەکی دیکە، داواشیان لە سەرجەم پارتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرد پێویستە دەستوەرنەدەنە کارە ناوخۆییەکانی عیراقەوە و ڕێز لە شکۆی عێراق بگرن.

بەپێی لێکۆڵینەوە کورتەکان کە لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتەی سەرەتادا ئەنجامدراون، کە کۆمەڵێک شت لە خۆدەگرن وەک "چاکسازیی هەڵبژاردنەکان، تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمان لە زووترین کاتدا بە پێی توانا، چاکسازیی لە سێکتەری ئەمنیدا، ڕیگەگرتن لە هەر چەکێک کە لە دەرەوەی چاودێری دەوڵەتدا بێت، هەروەها گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە خستنەڕووی بەرژەوەندییە داراییەکانی کەسانی تایبەتی سیاسی لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچەکەدا".

 بەڵام بە پێی لێکۆڵینەوە ناوەندییەکان کە لە ماوەی یەک مانگ بۆ سێ مانگدا ئەنجامدراون، ئەمانە لەخۆدەگرێت "پێداچوونەوەی دەستوور، گواستنەوەی کەیسەکانی گەندەڵی لەلایەن دەستەی دەسپاکییەوە بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری یان دادگای ناوەندی بۆ چاودێری کردن و لێپرسینەوەی گەندەڵییەکان، لێپرسینەوە و دادگایی کردنی تەواوی ئەو بەرپرسانەی کە بەرپرسن لە گەندەڵیکردن، دەرکردنی بەشێک لە یاساکان بۆ نموونە یاسای "ئەمەت لە کوێوە هێنا؟"، هەروەها یاسای دادگای یەکگرتوو، یاسای چاودێری کۆمەڵایەتی، یاسای چارەسەرکردنی کێشەی دانیشتوان، یاسای نەوت و غاز، چاککردنی یاسای هاندانی وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکان لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتدا".

 لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە، عێراق رووبەڕووی شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە، شەپۆلی یەكەمی خۆپیشاندانەكان لە یەكی تشرینی یەكەمی رابردوودا دەستیپێكرد و ماوەی ھەفتەیەك بەردەوام بوو، شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەكانیش لە ٢٥ی ھەمان مانگ دەستیان پێكردەوە و تا ئێستا بەردەوامی هەیە.

 بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە خۆپیشاندانەكاندا تا ئێستا كوژراون گەیشتووەتە ٣١٩ كەس کە ١٣ کەسییان هێزە ئەمنییەكانن، زیاتر لە ١٥ هەزار کەسیش بریندارن.

 

H.A