سەردێڕ:

وەزارەتی كارەبا: پێش هاتنی وەرزی زستان كێشەكانی كارەبا چارەسەر دەكەین

فۆتۆ: 
2019-11-11

2127 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم دەیەوێت پێش هاتنی وەرزی زستان کێشەی کارەبا چارەسەربکات. بەرپرسانیش دەڵێن، دەستیان بە ڕێکخستنەوەی وێستگەکانی کارەبا کردووە.

بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەر کابینەیەکی نوێی حکومەتدا بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا بە هاوڵاتییان دراوە و چارەسەریش نەکراوە.

وەزارەتی کارەبا دەیەوێت پێش هاتنی وەرزی زستان بەشێک لە کێشەکانی کارەبای نیشتیمانی چارەسەربکات و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتەکە ژمارەیەک وێستگەی دابەشکردن و کۆنترۆڵکردنی کارەبای دروستکردووە.

وەزیری کارەباش دەڵێت، وێستگەکان توانای کۆنترۆڵکردن و دیاریکردنی کێشەکانیان هەیە لە هەر شوێنێک بێت، بەتایبەتی ئەو گەڕەکانەی بەکارهێنانی کارەبا زیاد لە پێویست بێت و زیادەڕۆیی بەسەر کارەباوە دەکەن.

وەزارەتی کارەبا لە ئیستادا بەو ئامێرانەی هەیەتی توانای بەرهەمهێنانی حەوت هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام بەهۆی دابیننەکردنی سوتەمەنییەوە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بۆ وێستگەکان، تەنها ٣٥٠٠ میگاوات بەرهەم دەهێنن.

پارێزگاری هەولێریش دەڵێت دەستیان بە ڕێکخستنەوەی وێستگەکانی کارەبا کردووە و ئەو جۆرە ویستگانەش خزمەت بە باشترکردنی کارەبای نیشتیمانی دەکەن.

ئەم وێستگانە بە سەرپەرشتی وەزارەتی کارەبا لە زۆربەی گەڕەکەکان دادەنرێت و لە رێگەیەوە چاودیری زیاتری بەکارهێنان و کێشە و پچرانی کارەبا دەکرێت.

وەزارەتی کارەبا لە هەموو هەرێمی کوردستاندا خاوەنی زیاتر لە ٢٢٠ وێستگەی لەو جۆرەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی کارەبا و لەو ژمارەیەش ٥٢ دانەیان لە جۆری موبایلە واتا ناجێگیرن، ئەوانی دیکەشیان جێگیرن

لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەر کابینەیەکی نویی حکومەتدا، بەڵێنی باشترکردنی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتییان دەدرێت، بەڵام تا ئێستاش نەتوانراوە کارەبای تەواو بۆ هاوڵاتییانی هەرێم دابین بکرێت.