سەردێڕ:

بۆچی ١١ی ١١ بە ڕۆژی جیهانی سینگڵی دیاریکراوە؟

پۆستەرێک کە ڕێککەوتی ڕۆژی سینگڵی تێدایە
فۆتۆ: گووگڵ
2019-11-11

15864 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ کە ڕێککەوتی ١١ی ١١یە، لە وڵاتی چین بە ڕۆژی سینگڵی (تەنیایی لە ڕووی سۆزدارییەوە) دیاریکراوە.

دەستپێکی ڕۆژی سینگڵی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٣ لە زانکۆی نانژین، لە ھەرێمی نانژینی وڵاتی چین. چەند بۆچوونێک لەبارەی چۆنێتی درووستبوونی ئەو ڕۆژەوە ھەیە، بەڵام باوترینیان بریتییە لەوەی کە دەوترێت، لە بەشی ناوخۆیی ئەو زانکۆیەدا، چوار خوێندکاری کوڕی سینگڵ پێکەوە دەبن. بە ڕێککەوت ڕۆژێکیان کە ١١ی ١١ی ١٩٩٣ دەبێت، پێکەوە دادەنیشن و باس لە حاڵی خۆیان و لەوەی کە چۆن لەو تەنیاییە بێنە دەرەوە دەکەن. ئەو چوار خوێندکارە ڕۆژی ١١ی ١١ کە چوار ژمارەی یەکی تێدایە (بەمانای تاک و تەنیایی) دەقۆزنەوە و بڕیاردەدەن ھەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا یادی ڕۆژی سینگڵی بکەنەوە.

ئەم بابەتە دواتر، کچان و کوڕانی ھەموو بەشە ناوخۆییەکە و زانکۆکانی تری وڵاتی چینی گرتەوە و لە ئێستادا، بە نزیکەیی لە تەواوی دونیادا بۆنەیەکی ناسراوە.

لە چین، زیاتر گەنجەکان ئەم یادە دەکەنەوە و ئاھەنگی بۆ ڕێکدەخەن. لەو ڕۆژەدا، لەناو گەنجە چینییەکاندا ئەوە باوە کە بە ھەڕەمەکی ژوان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا دەبەستن و ناویان لێناوە "ژوانی کوێر"، بە مانای بەبێ گرنگیدانێکی زۆر بەوەی کەسی بەرامبەر کێیە، ژوانی لەگەڵ دەبەستن.

ھەرچەندە ئەو ڕۆژە بە فەرمی نەکراوەتە پشوو لە وڵاتی چیندا، بەڵام لەو ڕۆژەدا گەورەترین بازاڕکردنی ئاسایی و ئۆنڵاینی جیھان ڕوودەدات و کۆمپانیای عەلیبابای چینی، سودمەندترین کۆمپانیایە لەو بازاڕکردنانەدا بەجۆرێک کە بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لە شەوی ڕابردووە و تەنیا لەدوای تێپەڕینی ٩ کاتژمێر بەسەر دەستپێکی ڕۆژەکەدا، فرۆشی ئەو کۆمپانیایە بەڕێژەی لە سەدا ٢٥ بەرزبووەتەوە و بڕی ٢٣ ملیار دۆلار کاڵای فرۆشتووە.