سەردێڕ:

ئێران دەستی بە دروستکردنی کورەی دووەمی وێستگەى ناوەکی بوشەهر کرد

فۆتۆ: 
2019-11-10

2075 جار خوێندراوەتەوە

 ئێران دەستپێکردنی کارەکانی کورەی دووەمی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهری ڕاگەیاند کە یەکێکە لە وێستگە ناوەکییە گەورەکانی ئێران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئێران دەستپێکردنی کارەکانی بۆ درووستکردنی کورەی دووەمی وێستگەی ناوەکی لە شاری بوشەهیر ڕاگەیاند و هەر ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئێران لە بەردەم چاوی کامێراکاندا، هەستان بە دانانی بەردی بناغەی کورەکە، کە دەکەوێتە شاری بوشەهیر بە دووری ٧٠٠ کیلۆمەتر لە باشوری تارانی پایتەختی ئێران.

بە پێی زانیارییەکان، ئەو کورەیە پشت دەبەستێت بە یۆرانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی "%4.5"، لە کاتێکدا چوار ڕۆژ بەر لە ئێستا لە ٦ی تشرینی دووەمدا، ئێران ڕایگەیاند پابەندبوونەکانی بە ڕێککەوتنی ناوەکییەوە کەمدەکاتەوە و پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ڕێژەی %٥ بەرزدەکاتەوە

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ١٥ی مانگی ڕابردوودا، بەهرۆز کەمال فەندی وتەبێژی ڕێککخراوی وزەی ناوەکی ئێران، ڕایگەیاند "لە مانگی داهاتوەوە دەستدەکەن بە دروستکردنی کورەی دووەمی وێستگەی ناوەکی "، هەروەها ڕاشیگەیاندبوو کە تەواوکردنی ئەو کورەیە شەش ساڵی پێویستە.