سەردێڕ:

فرانس پرێس: لایەنەکان لەسەر مانەوەی عەبدولمەهدی ڕێککەوتن

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-09

6328 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بە سەرپەرشتی ئێران، لەسەر مانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق، ڕێککەوتن.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، ئەمرۆ ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، لایەنە دیارەکانی عێراق، بەسەرپەرشتی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، بۆ مانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دەستلەکارنەکێشانەوەی ڕێککەوتن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی لایەنە عێراقییەکان بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، "هەریەک لە قاسم سولەیمانی، موقتەدا سەدر و محەمەد ڕەزا سیستانی (کوڕی عەلی سیستانی) کۆبوونەتەوە، و لە ئەنجامدا، ڕێککەوتنی مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لێکەوتووەتەوە".

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، "لایەنەکان بۆ هاوکاریکردنی حکومەت لە دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان، ڕێککەوتوون".

روونیشیکردووەتەوە، "ئەو گرژیی و ئاڵۆزییەی ئەمڕۆ لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا هەبوو، لێکەوتەی ئەو کۆبوونەوە و ڕێککەوتنە بووە".

تا سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ، بەهۆى روبەروبونەوەى هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا، پێنج خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەریش برینداربوون. خۆپیشاندانەکانی عێراق لە سەرەتاوە تا ئێستا، زیاتر لە ٣٠٠ کوژراو و ١٥ هەزار برینداری لێکەوتووەتەوە.