سەردێڕ:

چاوشئۆغڵو: ئێمە لە سزاکانی ئەمریکا ناترسین

مەولود چاوشئۆغڵو - وەزیری دەرەوەی تورکیا
فۆتۆ: میدیاکانی تورکیا
2019-11-09

5374 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەوان لە سزاکانی ئەمریکا ناترسن.

ئەمرۆ، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە بیست و چوارەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئابوری لە ئەنتاڵیا ڕایگەیاند، ئەوان لە سزاکانی ئەمریکا ناترسن، راشیگەیاند، "کێڵگە نەوتەکانی سوریا هی خەڵکی سوریایە، نەک ئەمریکا".

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشدا، "ئەمریکا راپۆرتێک لەبارەی کۆمەڵکوژییەکەوە ئامادە دەکات کە ئێمە نەمانکردووە و بەپێچەوانەوە لە ئاست تاوانەکانی گروپە چەکدارەکاندا خۆیان کوێردەکەن".

روونیشیکردەوە، "ئەمریکا زۆر بە کراوەیی پشتیوانی یەپەگە و پەکەکە دەکات، و خۆشیان، ئەوە ڕەتناکەنەوە. هەربۆیە، تورکیا بێدەنگ نابێت لەسەر ئەمە و سەرۆک ئەردۆغان لە ١٣ی ئەم مانگەدا گفتوگۆی ئەم بابەتانە لەگەڵ سەرۆک ترەمپدا دەکات".

کۆڕبەندی ڕێکخراوی هاریکاری ئابوری(ECO)، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ئابورییە و لە ساڵی ١٩٨٥ بۆ یەکەمجار لە تاران، لەلایەن بەرپرسانی ئێران، تورکیا و پاکستانەوە دامەزراوە.

ڕێکخراوەکە گرنگی بە دیداری ئابوری، سیاسی و کەلتوری نێوان وڵاتانی ئیسلامی دەدات. وڵاتانی زۆرینە مسوڵمان لەم کۆڕبەندەدا، تاوتوێی پرسە ئابوری و سیاسییەکانیان دەکەن و هەر لەڕێی ئەم ڕێکخراوەشەوە، ئاسانکاری بۆ وڵاتانی بەشداردەکرێت کە لە بەندەرەکانی تورکیا-دەریای ناوەڕاست، ئێران-کەنداوی فارس و پاکستان-دەریای عەرەبییەوە مامەڵە بازرگانییەکانیان بکەن.