سەردێڕ:

بەغداد.. پێنج خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون

لەگۆڕەپانى خەلانى
فۆتۆ: 
2019-11-09

2767 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، بەهۆى روبەروبونەوەى هێزە ئەمنییەکان لە بەغداد پێنج خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەریش برینداربوون.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، لە گۆڕەپانى خەلانى لەناوەراستى شارى بەغداد هێزە ئەمنییەکان روبەروى خۆپیشاندەران بونەتەوە بۆ بڵاوەپێکردنیان.

سەرچاوەیەکى ئەمنیش بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانى عێراق بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کردووە لە گۆڕەپانى خەلانى و کۆنترۆڵى گۆڕەپانەکەیان کردووە و چادرەکانى خۆپیشاندەرانیان سوتاندووە.

هاوکات روانگەى عێراق بۆ مافەکانى مرۆڤ باس لە کوژرانى شەش خۆپیشاندەر دەکات لە نێوان گۆڕەپانى تەحریر و خەلانى.

باسى لەوەشکردووە، خۆپیشاندەران داواى بەهاناوەچوون دەکەن بۆ راگرتنى توندوتیژییەکانى هێزە ئەمنییەکان.

بەپێى دواین ئامارى كۆمسیۆنى مافى مرۆڤى عێراق، لە سەرەتاى خۆپیشاندانەکانى عێراق کە مانگى رابردوو لە بەغداد و شارەکانى ناوەراست و باشورى عێراقى دەستیپێکرد، تا دوێنێ هەینى ٣٠١ کەس کوژراون و ١٥ هەزار کەسیش برینداربوون جگە لە کوژراو بریندارەکانى ئێوارەى ئەمڕۆى گۆرەپانى خەلانى لە بەغداد.