سەردێڕ:

​جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان رێکخەری سێ ژوری بزوتنەوەکەی دیاریکرد

فۆتۆ: 
2019-11-09

3167 جار خوێندراوەتەوە

کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆتایی هات و سێ کاندیدی بۆ رێکخەری ژورەکان پەسەندکرد.

برزۆ مەجید سکرتێری ژوری کاروباری خەڵکی بزوتنەوەی گۆڕان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیماندا، هەریەک لە کاوە عەبدوڵا و سۆز عەبدولقادر بۆ ژوری حکومەت و پەرلەمان و محەمەد شوانی بۆ رێکخەری ژووری ناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکان و دلێر عەبدولخالقی وەک رێکخەری ژوری رۆژنامەوانیی بزوتنەوەی گۆڕان پەسەندکران.

هاوکات میدیای گۆڕان بڵاویکردەوە، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ژووری حکومەت و پەرلەمان بەرپرسە لە کاروبارى فراکسیۆنەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و پەرلەمانى کوردستان و ئەنجومەنى پارێزگاکان و نوێنەران و تیمى گۆڕان لە حکومەت، کاوە عەبدوڵا کە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا بۆ سەرپەرشتی بەشی فراکسیۆنەکان دیاریکراوە، پێشتر سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بووە و دواتریش ئەندامى ژوورى پەرلەمان و حکومەت بووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، سۆز عەبدولقادریش کە سەرپەرشتیاری بەشی حکومەتە لە ژوورەکە، ئەندامی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەرپرسی لیژنەی پلاندانانی ئەنجومەنەکە بووە، دواتریش ئەندامی ژووری حکومەت و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان بووە.

ژورى ناوچە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان تایبەتمەندە بەو ناوچە کوردستانییانەی کە دەکەونە سنوری مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراقی و ئامادەکردنی پەیپەر و راسپاردە و پێشنیاز و بەدواداچونی دۆسییەکە و چارەسەرکردنی پرسی ئەو ناوچانە.

ژورى رۆژنامەوانى بەرپرسە لە رەنگدانەوەی هەڵوێستی گۆڕان لە روداوەکانی ناوخۆی کوردستان و عێراق و دەرەوە کە لەلایەن جڤاتی نیشتیمانیەوە دادەڕێژرێت و خانەی راپەڕاندن جێبەجێی دەکات، رێکخەری ژورەکەش بەرپرس دەبێت لە گەیاندنی سیاسەتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و روکردنەوەی هەڵوێستەکان بۆ رایگشتی، دلێر عەبدولخالق کە وەک رێکخەری ژورەکە دیاریکرا، پسپۆریەکەی لەبواری راگەیاندنە و پێشتر ئەندامی ژوری رۆژنامەوانی و ئەندامی بۆردی میدیایی کۆمپانیای وشە بووە.