سەردێڕ:

​باکوری کوردستان.. لە شاری وان هەموو چالاکییەک قەدەغەکرا

فۆتۆ: 
2019-11-09

2005 جار خوێندراوەتەوە

لە شاری وانی باکوری کوردستان بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ سەرجەم چالاكييەكانی وەک رێپێوان، كۆبوونەوە، روونكردنەوەى رۆژنامەوانى، گردبوونەوەی ناڕەزايەتى، دانانی ستاند و بانگەشە قەدەغەكرا.

پارێزگاری وان، لە ڕاگەیەندراوێکیدا هۆکاری دەرکردنی بڕیارەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی، کە دەیانەوێت ڕێگری بکەن لە ڕوودانی هەر ڕووداوێک.

ئاماژە بەوەش کراوە، بە پشتبەستن بە مادەكانى دەستوور و ياساكان دەربارەى سنوورداركردن و مەرجەكانى قەدەغەكردن بە مەبەستى رێگرتن لەو بابەتانەى كە راستەوخۆ و بە ئاشكرا دەبنە هۆى ناڕەزايەتى و رووداوى هێرشكردن، بڕياردراوە سەرجەم چالاكييەكانی وەكو رێپێوان، كۆبوونەوە، روونكردنەوەى رۆژنامەوانى، گردبوونەوەی ناڕەزايەتى، دانانی ستاند و بانگەشە قەدەغە بکرێت.

بڕیارەکەش لە ڕۆژی ١٠ی تشرینی دووەمەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا تورکیا چەندین جار قەدەغەی هاتوچۆ و ڕێگریکردنی لە چالاکییە جۆراوجۆرەکان لە شارەکانی باکوری کوردستان ڕاگەیاندووە، بە بیانووی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی ئەمنی.