سەردێڕ:

سه‌رۆكایەتیى حكومه‌ت و ئەنجومەنی پارێزگاکان چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن

فۆتۆ: 
2019-11-09

3109 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ، هەولێر ، هێرش قادر  

ڕۆژی سێ شەممە هەر سێ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پاریزگاکان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەربارەى پرسى ڕۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆدەبنەوە.

عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یەدا‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى هەرێمى کوردستان له‌گه‌ڵ هەر سێ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان كۆببێته‌وه‌.

راشیگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای ئەنجومەنی پارێزگاکان دەبێت و تەوەری سەرەکیش ڕۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پاڵپشتییان بۆ حکومەتی هەرێم و یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان دەبێت.

ئاماژەى بەوەش کرد، بڕیاریشە سبەینی یەکشەممە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنى پارێزگا کۆببنەوە تا ڕا و پێشنیاری ئەوانیش وەرگرن لەوبارەیەوە.

هاوکات سەرچاوەیەکیش لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر ڕایگەیاند، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەى نێوان سەرۆکایەتى حکومەت و سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاکان تاوتوێکردنى پرسى گێڕانەوەى پاشه‌كه‌وتى موچه‌ى فەرمانبەران دەبێت لەڕێگەى ژمارە حسابێکى بانکى تایبەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ گێڕانەوەى پاشه‌كه‌وتى موچه‌ى فەرمانبەران دیارینەکراوە کە لە ساڵى ٢٠١٥دا بە بیانووى قەیرانى دارایی بڕێک لە موچه‌ى فەرمانبەران کەمکرایەوە، واش بڕیاربوو پاش تێپەڕاندنى ئەو دۆخە ئەو بڕە پارە بگێڕدرێتەوە بۆیان.