سەردێڕ:

​ مەزڵوم کۆبانێ: تا ئێستا ١٨٢ شەڕڤان و دەیان هاووڵاتیی مەدەنی شەهیدبوون

فۆتۆ: 
2019-11-09

8164 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، ١٨٢ شەڕڤان و دەیان هاووڵاتیی مەدەنی شەهیدبوون.

مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، "تورک و جیهادییەکانی بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەموو کاتژمێرێک خاکی زیاتر داگیردەکەن. دوای ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەمریکا، ١٨٢ شەڕڤان و هاووڵاتیی مەدەنی شەهیدبوون."

لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەو ماوەیەدا ئاوارەبوون و ئەو خاکەی کە تورکیا کۆنترۆڵیکردووە، کۆبانی وتوویەتی، "٣٠ هەزار کەس ئاوارەبوون و هەزار و ١٠٠ کیلۆمەتر دووجایان داگیرکردووە."

فەرماندەکەی هەسەدە ڕایشیگەیاندووە، ئەوان پابەندی هەموو ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست بوون بۆ پاراستنی خەڵک لە کوشتن و ئاوارەبوون.

کۆبانی باسی لەوەش کردووە، "پرۆگرام و ئۆپراسیۆنە هاوبەشە سەرکەوتووەکانمان دژی تیرۆر بۆ دڵنیابوون لە تێکشکانی داعش دەستیپێکردووەتەوە و ئێمە ئێستا لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا کێڵگە نەوتییەکان دەپارێزین."

ئەوەش لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا، بەرپرسانی ئەمریکا و تورکیا ڕێککەوتنێکیان کرد و ئاگربەستیان بۆ ماوەی ١٢٠ کاتژمێر ڕاگەیاند، دواتریش تورکیا لەگەڵ ڕووسیا ئاگربەستێکی تری ١٥٠ کاتژمێرییان ڕاگەیاند، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە دواتر باسیان لەوە کرد کە ئاگربەستەکە دەبێت بە هەمیشەیی. لە لایەکی ترەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان تا "کۆتا تیرۆریست" ناوچەکە جێدەهێڵێت، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی هەسەدە، ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە هەتا وڵاتانی تر سووریا جێنەهێڵن، تورکیاش جێیناهێڵێت.