سەردێڕ:

ژمارەیەک سیناتۆری ئەمریکا داوای پێدانی ڤیزا بە مەزڵوم کۆبانێ دەکەن

فۆتۆ: 
2019-11-09

16479 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک سیناتۆری ئەمریکا داوایان لە وەزارەتی دەرەوەى وڵاتەکەیان کردووە ڤیزا بدات بە مەزڵوم کۆبانێ.

فۆکس نیوز بڵاویکردووەتەوە، گروپێک لە سیناتۆرەکانی ئەمریکا داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان کردووە کە ڤیزا بدات بە مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەمەبەستی سەردانیکردنی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا.

لە نامەیەکدا بۆ مایک پۆمپەیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێنج سیناتۆری دیموکرات و کۆمارییەکان داوایان کردووە ڤیزا بدرێت بە فەرماندەکەی هەسەدە، بەڵام وەزارەتی دەرەوە تا ئێستا لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.

ئەو پێنج سیناتۆرە بریتین لە هەریەکە لە، لیندزی گراهام و مارشا بلاکبێرن لە حزبی کۆمارییەکان، کریس ڤان هۆڵن و جێنی شاهین و ڕیچارد بلومێنتاڵ لە حزبی دیموکراتەکان.

سیناتۆرەکان وتوویانە، زۆر نیگەرانن لە دۆخی باکوری سوریا و، لیندزی گراهام ڕایانگەیاندووە، "باوەڕمان وایە بۆ کۆنگرێس و ئیدارەی ئێستا وا باشە کە ڕاستەوخۆ گوێبیستی سەرکردایەتیی سەربازیی هەسەدە ببین لەبارەی دۆخەکە و شەڕی دژی داعشەوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە بانگهێشتی مەزڵوم کۆبانی دەکات بۆ ئەمریکا، بەڵام تا ئێستا کاتی سەردانەکە دیارینەکراوە.