سەردێڕ:

ئیلهام ئەحمەد بۆ یەکێتیی ئەوروپا: چاوەڕێی گەیشتنی شەپۆلێک لە چەکدارانی داعش بن

فۆتۆ: 
2019-11-09

5353 جار خوێندراوەتەوە

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاندووە، دەبێت یەکێتى ئەوروپا چاوەڕێی گەیشتنی شەپۆلێک لە چەکدارانی داعش بن بەهۆی کارەکانی تورکیاوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات ڕایگەیاندووە، یەکێتیی ئەوروپا ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە چەکدارانی داعش دەبێتەوە ئەگەر بە شێوەیەکی توندتر مامەڵە لەگەڵ تورکیادا نەکات.

ئیلهام ئەحمەد وتووشیەتی، هەڕەشەکە زۆر گەورەیە بەهۆی ئەو شێوازە لە کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا، چونکە بووە هۆی ئەوەی زۆر لە چەکدارانی داعش هەڵبێن و بەرەو وڵاتەکانیان بگەڕێنەوە بەمەبەستی بەردەوامیدان بە چالاکییە تیرۆریستییەکانیان.

ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوای لە ئەوروپاش کردووە کە دوو هەزار سەرباز بۆ پاراستنی سنووری تورکیا و سووریا بنێرن و ڕێگری لە پەڕینەوەی چەکدارانی داعش بکەن و فرۆشتنی چەک بە تورکیاش ڕابگرن، وتووشیەتی، "گەلەکەمان بە چەکی ئەوروپا دەکوژرێت."

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێتیی ئەوروپا دەبێت یان توند بێت لەگەڵ تورکیا یانیش بەمزووانە ڕووبەڕووی گەیشتنی شەپۆلێک لە چەکدارانی داعش دەبێتەوە.

ئیلهان ئەحمەد وتووشیەتی، ڕۆژئاوا دەبێت لێکۆڵینەوە لە تورکیا بکات لەسەر دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی کورد.

ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، کە ڕووی دەمی لە یەکێتیی ئەوروپا بوو، وتووشیەتی، "تورکیای کاندید بۆ یەکێتیی ئەوروپا هەمان ئەو تورکیایە نییە کە ئێوە پێتانوایە دەیناسن، ئێستا تورکیا تورکیایەکی ئیسلامیی ڕادیکاڵ و ئێوەش، ئەوروپا، پێویستە گفتوگۆی بەئەندامبوون و ڕێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بپچڕن."

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، تورکیا دەبێت بترسێت، باسی لەوەش کردووە، چەکدارانی باڵای داعش لە ناوچەکانی ژێر دەستی تورکیا لە باکوری سوریا پەنادراون.

لەبارەی ئەوەی کە ترەمپ وتوویەتی کورد لە جەنگی نۆرماندی لە ساڵی ١٩٤٤دا دژی نازییەکان لەگەڵیان نەبوون، ئیلهام ئەحمەد وتوویەتی، تورکیاش لە بەرەی ئەمریکییەکان نەبوو لە جەنگی جیهانیی دووەمدا و وتووشیەتی، "کورد لەکاتی نۆرماندیدا دەوڵەت یان کیانێکی نەبووە و کورد لەو جەنگەدا قوربانی بووە و تورکیش لەگەڵ ئەمریکییەکان نەبووە لەوکاتەدا، بۆیە نازانم ترەمپ بۆچی ئەوەی وتووە."