سەردێڕ:

خۆپیشاندانەکانى عێراق.. لە ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا چوار کەس کوژراون

فۆتۆ: 
2019-11-08

1191 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندانەکانى عێراق دوو هەفتەى تێپەڕاند و لە ٢٤ کاتژمێرى رابردوودا چوار کەس کوژراون و زیاتر لە ٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

گەڕى دووەمى خۆپیشاندانەکانى عێراق دوو هەفتەى تێپەڕاند و شەوی پێنج شەممەش عێراق شەوێکى خوێناویى بەڕێکرد. سیستانیش دەڵێت، هەندێک کەس و لایەن لە دەرەوە و ناوەوەى وڵات هەوڵدەدەن خۆپیشاندانەکان لە بەرژەوەندیى خۆیان بەکاربهێنن.

لە شارى بەغدا و شارەکانى ترى ناوەڕاست و باشورى عێراق خۆپیشاندان بەردەوامە و خۆپیشاندەران داوادەکەن زۆرترین ژمارەی خەڵک بەشداریی خۆپیشاندانەکان بکەن.

شەوى ٧ى ئەم مانگەش شەوێکى خوێناوى بوو بۆ خۆپیشاندەران، کاتێک لە شارى بەغدا پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا لەسەر پردی ئەحرار ڕوویدا و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران و زیاتر لە ٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون. بە هەمان شێوە لە شارى بەسڕە هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووى ئەو هەزاران خۆپیشاندەرانە بوونەوە لەبەردەم باڵەخانەى پارێزگاى ئەو شارە، بەهۆى پێکدادانەکەشەوە باس لە کوژراو و برینداربوونى دەیان خۆپیشاندەر دەکرێت، کە بەشێکیان بەهۆى گازى فرمێسکڕێژەوە بووە.

لای خۆشیەوە رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لەمیانى نوێکردنەوەى راپۆرتێکى پێشووترى لەسەر ئەو گازە فرمێسکرێژەى کە هێزە ئەمنییەکانى عێراق بەکاریدەهێنن رایگەیاند، بەشێکیان لەلایەن رێکخراوى پیشەسازى بەرگریى ئێرانەوە دروستکراون.

لەلایەکى ترەوە عەلى سیستانى گەورە مەرجەعى شیعەکانى عێراق بەردەوامە لە پشتگیریى خۆپیشاندانەکان و ڕایگەیاند، نابێت چاکسازى پشتگوێبخرێت، چونکە بە وتەى ئەو، هێشتا دەرفەتى ئەوە ماوە حکومەت چاکسازى ڕاستەقینە بکات و داواکارییەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات. داواشى لە هێزە ئەمنییەکان کرد کە دووربکەونەوە لە بەکارهێنانى توندوتیژى دژبە خۆپیشاندەران، هەروەها هۆشداریشی دا لەوەى هەندێک کەس و لایەن لە دەرەوە و ناوەوەى عێراق هەوڵى ئەوە دەدەن خۆپیشاندانەکان لە بەرژەوەندیى خۆیان بەکاربهێنن.

هەروەها ئەیاد عەلاوى سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق رایگەیاند، پەیوەندیى بە عادل عەبدولمەهدییەوە کردووە و ئاگاداریکردووەتەوە لە چەند کەسانێک لەناو نوسینگەى سەرۆک وەزیران، کە دەستیان هەیە لە قوڵکردنەوەى قەیرانەکان.

لە چوارچێوەى کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیش وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان بەردەوامدەبن لەسەر یارمەتیدانى گەلانى عێراق و لبنان لە بەدیهێنانى داواکارییەکانیان.

هەروەها لیژنەى کاروبارى دەرەوەى کۆنگرێسى ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە پارێزگاریی لە خۆپیشاندەرانى عێراق بکرێت و لێپێچینەوەش لەو کەسانە بکرێت کە هێز و توندوتیژى دژى خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان بەکاردەهێنن.

لە بەرامبەردا نوسینگەى سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کردووە، هەندێک لەو کارانەى لەکاتى خۆپیشاندانەکاندا کراون، هیچ پەیوەندییەکیان بە جێبەجێکردنى دیموکراسییەوە نییە. داواشى لە خۆپیشاندەران کرد پارێزگارى لە خۆپیشاندانى ئاشتییانە بکەن.