سەردێڕ:

هێزە ئەمنییەکانى بەسڕە زۆربەى شەقامە سەرەکییەکانى ئەو شارەیان داخست

هێزێکى زۆر بڵاوەى پێکراوە
فۆتۆ: 
2019-11-08

1490 جار خوێندراوەتەوە

لەبەرەبەیانى ئەمڕۆوە هێزە ئەمنییەکانى شارى بەسڕە بەنێو ئەو شارەدا بڵاوبونەتەوەو ڕێوشوێنى ئەمنى توندییان گرتۆتەبەر، زۆربەى شەقامە سەرەکییەکانى ئەو شارەشیان داخستووە.

ئاژانسەکانى هەواڵ بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ ٨ ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩ هێزێکى ئەمنى زۆر بەنێو شارى بەسڕەدا بڵاوەى پێکراوە، ڕێوشوێنێکى ئەمنى توندیش گیراوەتە بەر، هەروەها زۆربەى شەقام و ڕێگا سەرەکییەکانى ئەو شارە داخراون.

بە وتەى چاودێران  ئەمەش لەبەر ئەوەى ئەمڕۆ هەینیە و خۆپیشاندانەکانیش لەڕۆژانى هەینیدا گڕوتێنێکى تایبەتى هەیە، بووەتە هۆى ئەوەى دەسەڵاتداران ترسییان لێبنیشێت .

شەوى ڕابردوو پارێزگاى بەسڕە لە خوارووى عێراق خۆپیشاندانى بەرفراوانى بەخۆوە بینى و هەزاران کەس چوونە بەردەم باڵەخانەى پارێزگاى ئەو شارە، بەوهۆیەشەوە  دەیان خۆپیشاندەر کوژراون و بە سەدانى دیکەش بریندار بوون، ئەمەش ڕقى خۆپیشاندانى ئەستورتر کردووەو، پێدەچێت ئەمڕۆ هەینى جارێکى ترو لەدواى نوێژى هەینى هاوڵاتیان بڕژێنە سەرشەقامەکان و بەردەوامى بە خۆپیشاندانەکان بدەن.

لەسەرەتاى مانگى تشرینى یەکەمەوە لە بەغدا و شارەکانى دیکەى عێراق خۆپیشاندانى هاوڵاتیان دژى گەندەڵى و بێکاریى و نەبوونى خزمەتگوزارى دەستىپێکردووەو، بەم دوواییانەش داواکارییەکان گۆڕدراون بۆ دەستلەکارکێشانەوەى هەرسێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە و دامەزراندنى کۆمسێۆنێکى سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەکان، بەهۆى خۆپیشاندانەکانیشەوە نزیکەى ٣٠٠ کەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە ١٢ هەزاریش بریندار بوون.