سەردێڕ:

دادوه‌ر و داواكارە گشتيیەکانى گه‌رميان: به‌هۆى پێشێلكردنى ياساوە سكاڵامان تۆماركردووه‌

فۆتۆ: 
2019-11-07

1956 جار خوێندراوەتەوە

دادوه‌ر و داواكارە گشتيیەکانى گه‌رميان ڕایانگەیاند، به‌هۆى پێشێلكردنى ياسا و خراپ به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات و ياسا، سكاڵايان تۆماركردووه‌، به‌ڵام له‌جياتى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، خۆيان سزادراون.

سه‌ربارى فشاره‌كانى هه‌ريه‌كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و داواكارى گشتیى هه‌رێم، به‌ڵام مانگرتنى ژماره‌يه‌ك له‌ دادوه‌ر و داواكارى گشتى له‌ گه‌رميان به‌رده‌وامه‌ و، ده‌ڵێن تا چاره‌سه‌رى كێشه‌كانيان مانگرتن ناشكێنن.

رۆژی چوارشەممە داواكارى گشتیى هه‌رێم له‌ ئاگاداركردنه‌وه‌يه‌كدا داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ داواكاره‌ گشتيیه‌كانى گه‌رميان كرد بۆسه‌ر كاره‌كانيان و، هه‌ڕه‌شه‌ى گرتنه‌به‌رى ڕێكارى ياسايیشی لێكردوون له‌ ئه‌گه‌رى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ياندا. رۆژی پێنج شەممەش ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى بڕيارى بانگهێشتكردنى پێنج دادوه‌رى له‌ دادگاكانى گه‌رميان ده‌ركرد بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ له‌گه‌ڵيان.

ئه‌و ژماره‌ دادوه‌ر و داواكارى گشتييه‌ى گه‌رميان ده‌ڵێن، به‌هۆى تۆماركردنى سكاڵاوه‌ له‌سه‌ر پێشێلكردنى ياسا و خراپ به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات و ياسا، سكاڵايان تۆماركردووه‌، به‌ڵام له‌جياتى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، خۆيان سزادراون و له‌ به‌رامبه‌ريشدا ئه‌وان هه‌ڵوێستيان وه‌رگرتووه‌، پێشتر له‌سه‌ر پرسى كه‌موكورتييه‌كانى دادگا و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، چه‌ند دادوه‌رێك هه‌ڵوێستيان وه‌رگرتووه‌ و هه‌ندێكيان ده‌ستيانله‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌، به‌ وته‌ى ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى به ‌جۆرێك لاواز و خراپه‌، پێويسته‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌.

دادوه‌ره‌ مانگرتووه‌كان ده‌ڵێن، بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ ئيدارى و ياساييه‌كان له‌ مه‌رجه‌عيیه‌تى خۆيان، سكاڵايان تۆماركردووه‌، به‌ڵام گوێيان لێ نه‌گيراوه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سزادراون، بۆيه‌ ناچاربوون په‌نا بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانى تر ببه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و پرسانه‌ى كه‌ له‌ بوارى دادگا و دادوه‌ريدا هه‌يە، بۆ ئەو مەبەستەش به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان و عێراق سه‌ردانيان كردوون و به‌ڵێنى هاوكارييان پێ داون.

له‌ ڕۆژى سێشه‌ممه‌وه‌ ١٥ دادوه‌ر و داواكارى گشتى له‌ گه‌رميان له‌ چادرێكدا له‌به‌رده‌م بيناى فه‌رمانگه‌ى داواكارى گشتیى گه‌رميان مانيان گرتووه‌، ده‌ڵێن به‌هۆى خراپ به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات و ياسا و كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى ديكه‌وه‌، سكاڵايان له‌سه‌ر سه‌رۆكى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى ناوچه‌ى كه‌ركوك گه‌رميان له‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێم تۆماركردووه‌.

لە بەرامبەردا ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر مانگرتنى دادوەرەکانی گەرمیان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "بڕیاریانداوە بە ڕە‌تكردنه‌وەی سكاڵای چه‌ند دادوه‌رێك دژبه‌ سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركوك - گه‌رمیان، چونكه‌ ده‌ركه‌وت هیچ بنه‌مایه‌كی یاساییان نییه، هه‌روه‌ها، بڕیاریانداوە ئه‌و چه‌ند دادوه‌ره‌ ره‌وانه‌ی لیژنه‌ی كاروباری دادوه‌ران بکرێن، له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ خستبوویانه‌ پاڵ سەرۆکی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركوك - گه‌رمیان."