سەردێڕ:

کارەساتێکی سروشتی هەڕەشە لە ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس دەکات

ئاستى ئاوى زەریاکان بەرزدەبنەوە
فۆتۆ: 
2019-11-07

12946 جار خوێندراوەتەوە

زانایان هۆشداری دەدەن لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریاکان لە ئێستاوە هەتا کۆتایی ئەم سەدەیە بە بەرزی زیاتر لە ١١ پێ.

بەگوێرەی توێژینەوەیەک، کە لە گۆڤاری "نەیچە کۆمیونیکەیشنس" بڵاوکراوەتەوە، زانایان هۆشدارییان داوە دەربارەی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریاکان، هەروەها دەشڵێن ئەم بەرزبوونەوەیە هەڕەشە دەبێت بۆسەر چەندین شار و مەترسی دروستدەکات بۆسەر ئاوارەبوونی دانیشتووانی ئەو شارانە.

باس لەوەش دەکەن، لە ئێستاوە تا کۆتایی ئەم سەدەیە زیاتر لە ١١ پێ "٣.٤١ مەتر" ئاستی ئاوی زەریاکان بەرزدەبنەوە و ئەوەش دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئەو شارانەی لە کەناری دەریاوە نزیکن.

زانا ئوسترالییەکان لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەڵێن، "هۆکاری سەرەکیی گۆڕانی کەشوهەوا چالاکیی مرۆڤەکان خۆیانە." دەشڵێن، "نزیکەی ٢٥ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا، کەشوهەوای جیهان یەک پلە گەرمتر بووە بەراورد بە کەشوهەوای ئێستا."

زاناکان باس لەوە دەکەن، بەستەڵەکی جەمسەرەکان بە شێوەیەکی خێرا دەتوێنەوە، بۆیە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریاکان بۆ زیاتر لە ١١ پێ، واتە سێ مەتر و ٤١ سانتیمەتر لە هەر سەدەیەکدا.

لەوبارەیەوە ئیرکۆ ڕۆڵینگ پڕۆفیسۆر لە زانکۆی نەتەوەیی ئوسترالیا دەڵێت، "ئێمە پێشبینیی داهاتوو ناکەین، بەڵکو ئەوە ڕووندەکەینەوە سروشت دەتوانێت چی بکات بەبێ دەستتێوەردانی مرۆڤەکان لە کەشوهەوادا، سروشت دەزانێت چۆن زۆر خێراتر هەنگاو بنێت لەوەی ئێمە بیری لێ دەکەینەوە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، توێژینەوەکانی پێشووتر ئاشکرایانکردبوو، لە ساڵی ٢١٠٠، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریاکان دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆسەر خانوو و ماڵی ٤٨٠ ملیۆن هاووڵاتی.