سەردێڕ:

عادل عەبدولمەهدى: بەهۆى خراپى پلاندانانەوە پێنج هەزار پڕۆژە ڕاگیراون

 ٣٥٠ هەزار هەلى کار پەکخراوە
فۆتۆ: 
2019-11-07

2326 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەھۆی خراپیی پلاندانانەوە پێنج ھەزار پڕۆژە ڕاگیراون، کە بووەتە ھۆی پەکخستنی ٣٥٠ ھەزار ھەلی کار.
عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەوی فراوانى لیژنەى ئامادەکردنى بودجەى گشتى عێراق رایگەیاند، عێراق پشت بە قەرزی دەرەکی دەبەستێت بۆ پەرەپێدانی پرۆژەکان و قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیشی زۆر بوون و لە سەدا٩٠ی بودجەی عێراقیش بە تەنھا پشت بە داھاتی نەوت دەبەستێت.
ڕاشیگەیاند، بە بەھای ١٧ ملیار دۆلار ٩٨٩ پرۆژە لە عێراقدا ڕاگیراون، ئەوەش بەھۆی خراپیی پلاندانانەوەیە کە زیاتر لە پێنج ھەزار پڕۆژە راگیراون، ئەوەش بووەتە ھۆی ڕاگرتنی نزیکەی ٣٥٠ ھەزار ھەلی کار.
ئاماژەی بەوەش کرد، زنجیرەیەک چاکسازیی دارایی دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی قورساییە داراییەکان لەسەر بودجەی گشتیی عێراق، لە ساڵی ٢٠١٤شەوە زیاتر لە ٣٤٠ ترلیۆن دینار دراوە بە پێشینەکان و زۆر پارەی تر بەھەدەردراوە، چونکە پێشتر لە عێراقدا ھەموو کارەکان بە ئارەزوو کراون.
ئەوەشی خستەڕوو، چارەسەرکردنی پرۆسە داراییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کارێکی زۆر ئاڵۆزە و لە ھەوڵداین چارەسەری بکەین، دەبێت سەرجەم داھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، چونکە مافی سەرجەم گەلى عێراقە.

سەبارەت بە بودجەى گشتى ٢٠٢٠ ى عێراق عەبدولمەهدى وتى، لیژنەى پێداچوونەوەى بودجەى راسپاردووە لە چەند رۆژى داهاتوودا گفتوگۆکانیان بەردەوام بێت تا بەزترین کات بودجەى گشتى رەوانەى پەرلەمان بکرێت و پەسەند بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بۆ ١٤ھەمین رۆژە خۆپیشاندانەکان لە بەشێک لە شارەکانی عێراق بەردەوامە دژی گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی وڵات، داواش دەکەن ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەستلەکاربکێشنەوە.