سەردێڕ:

قایمقامییەتی سلێمانی هاوڵاتییان لە جۆرە شیرینییەک ئاگاداردەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-11-07

10016 جار خوێندراوەتەوە

قایمقامییەتی سلێمانی هۆشداری دەربارەی جۆرە شیرینییەک دەدات کە لە شێوەى جگەرەدایە و دەڵێت، لەهەر فرۆشگایەک بفرۆشرێت دەستیبەسەردا دەگیرێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە قایمقامییەتی سلێمانی  لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری دەداتە دایکان و باوکان دەربارەی جۆرێک لە شیرینی کە لە شێوەی جگەرەدایە و لە دوکان و فرۆشگاکاندا بە منداڵان دەفرۆشرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە "تێبینی كراوه‌ له‌ هه‌ندێك له‌ دوكان و فرۆشگاكاندا، جۆرێك شیرینی هاورده‌كراو ده‌فرۆشرێت كه‌ بۆ سه‌رنجڕاكێشانی منداڵان له‌ شێوه‌ی جگه‌ره‌دا دروستكراوه‌، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ رووی كوالێتییه‌وه‌ وه‌كو پێویست نییه‌، له‌هه‌مان كاتدا جۆرێكه‌ له‌ هاندانی منداڵان تا به‌لاڕێدا بڕۆن و حه‌زیان بۆ كێشانی جگه‌ره‌ دروست ده‌بێت".

ڕاشیگەیاندووە "له‌ هه‌ر دوكان و فرۆشگا و ماركێتێكدا هه‌ر جۆره‌ شیرینی یان خواردنی منداڵان له‌ شێوه‌ی جگه‌ره‌دا ببینرێت، راستەو‌خۆ فرۆشگاكه‌ ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌، داواشی له‌ دایكان و باوكان كردووه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ن منداڵه‌كانیان ئه‌و جۆره‌ شیرینییه‌ بكڕن".

هەروەها قایمقامییەتی سلێمانی داوای کردووە  "له‌هه‌ر شوێنێك هاوڵاتییان لەو جۆرە شیرینییەیان به‌رچاو كه‌وت لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وە".

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتریش قایمقامییەتی سلێمانی بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی ئەو جۆرە شیرینیی و نوقڵانەی دابوو کە لە شێوەی جگەرەدایە و بە منداڵان دەفرۆشرێت.