سەردێڕ:

ژمارەیەک دادوەر و داواکاری گشتی گەرمیان بەردەوامن لە مانگرتن

سێ ڕۆژە مانیان گرتووە
فۆتۆ: 
2019-11-07

912 جار خوێندراوەتەوە

بۆ سێیەم ڕۆژ ژمارەیەک دادوەر و داواکاری گشتی گەرمیان بەردەوامن لە مانگرتن و داوای سەربەخۆیی دادگا و دوورخستنەوەی دەستێوەردانی حزبی دەکەن.

لەوبارەیەوە حاکم شیخ لەتیف بە ئێن ئار تی ڕاگەیاند، لە سەردەمی بەعسیشدا وەک ئێستا حزب دەستی نەخستووەتە ناو دەسەڵاتی دادوەرییەوە، چونکە ئەم دەسەڵاتە تەنیا بەناو سەربەخۆیە.

ناوبراو وتیشی، بەپێی دەستوری عێراق و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکانیش دەبێت دادگا سەربەخۆ بێت و دووربێت لە دەستێوەردان بەڵام بەداخەوە لەهەرێم ڕەچاوی ئەمە ناکرێت.

هاوکات یوسرا ڕەجەب، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لەنێو دادوەرە مانگرتووەکاندا ڕایگەیاند، ئەوەی لە هەرێم ڕودەدات کارەساتەو دەبێت ئەم دەستێوەردانە حزبی و خێڵەکیە ڕابگیرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر چارەسەری ئەم پرسە لەهەرێم نەکرێت، ئەوا ناچار دەبن کێشەکە بگوازنەوە بۆ بەغداد و لەوێ کاری خۆیانی لەسەر بکەن.

هەروەها، ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم، پێنج لە دادوەرە مانگرتووەکانی گەرمیانی ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە لە ئەنجومەنی دادوەری ئامادەبن بۆ ئەوەی وتەیان لێوەربگیرێت لەسەر دۆسیەکەیان.