سەردێڕ:

ئەردۆغان: ئەمریکا و ڕوسیا بەڵێنەکانیان نەبردەسەر

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا
فۆتۆ: میدیاکانی تورکیا
2019-11-07

12715 جار خوێندراوەتەوە

ئەردۆغان لە وتارێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا و ڕوسیا بەڵێنەکانیان لەبارەی باکوری سوریاوە نەبردووەتە سەر.

رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکیدا ئەمرۆ، ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، "دوای ١٢٠ کاتژمێری ئاگربەستی ئەمریکا و ١٥٠ کاتژمێری روسیا، هێشتا یەپەگە نەکشاوەتەوە".

ئەردۆغان ئەوەشی وت، "تا ئێستاش یەپەگە هێرش دەکاتە سەر گروپە چەکدارە سورییەکانی نزیک لە تورکیا و ئەمڕۆ ١١ چەکداریان لێکوشتوین".

ئاماژەی بەوەشدا، "تورکیا دووبارە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ڕوسیا دەکاتەوە".

مانگی ڕابردوو، دوای ئەوەی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە باکوری سوریا دا،  تورکیا هێرشی سەربازیی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و تێیدا سەدان شەڕڤان و هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و هەزاران هاوڵاتیش ئاوارەبوون. لە مانگی ڕابردوودا، هەر لەسەر ئاڵۆزییەکانی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، تورکیا لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتنێکی ١٣ خاڵی، و هەروەها لەگەڵ ڕوسیاش ڕێککەوتنێکی ١٠ خاڵی ئەنجامدا.