سەردێڕ:

ڕانیە.. دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-11-07

3643 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ،  ڕانیە ، ئەیوب علی

شەوی ڕابردوو دوو کرێکار لەناو بازاڕی ڕانیەدا لەکاتی کارکردندا بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانیان لەدەستدا.

شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند "شەوی ڕابردوو تەرمی دوو کرێکار بەناوەکانی (س.م) و (م.س) ڕە گەزی نێر دانیشتوی ڕانیە، گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە کە لەکاتی کارکردن لە بینایەکی سێ نهۆمی گیانیان لە دەستدا.

ئاماژەی بەشکرد، ڕووداوەکە لە کاتێکدا ڕوویداوە هەردوو کرێکارەکە لە بینایەکی سێ نهۆمی لە ناو بازاڕی ڕانیە خەریکی بەستنی ئەسکەلە بوون و لە هەمانکاتدا سیمی ئەسکەلەکە پچڕاوە و کرێکارێکیان کەوتووەتە خوارەوە کرێکارەکەی تریش ویستویەتی هاوڕێکەی ڕزگار بکات لەئەنجامدا ئەویش دەکەوێتە خوارە و پاشان بەهۆی بەرکەوتنیان بە تەلی کارەباوە کە تەزوی لەسەر بووە هەردوو کرێڪارەکە گیان لە دەستدا.

  دوای توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکانیان لە پزیشڪی دادی ڕانیە ڕادەستی کەس و کاریان کرانەوە. پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆڕووداوەکە کراوەتەوە و لەسەر ڕووداوکەش سێ کەس بە فەرمانی دادوەر بەپێی مادەی ٤۱۱ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەرداوامە.

بەپێی بەدواداچونەکانی ئێن ئاڕ تی ئەمساڵ لەقەزای ڕانیەدا ئەمە دووەمین حاڵەتی گیانلەدەستدانی کرێکارانە لەکاتی کارکردندا بەجۆرێک لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا سێ کرێکاری لەکاتی کارکرندا گیانیان لەدەستداوە.