سەردێڕ:

مانگی ڕابردوو گەرمترین ئۆکتۆبەری مێژوو بووە

خۆر و زەوی لە وێنەیەکدا
فۆتۆ: Getty Images
2019-11-06

3934 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی کۆپەرنیکۆس بۆ تۆمارکردنی ئامارەکانی کەشوهەوا - سەر بە یەکێتیی ئەوروپا، مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردووی وەک گەرمترین ئۆکتۆبەری مێژوو، لەوەتەی ئامێری تۆمارکردن دروستبووە، ناساند.

ڕۆژی سێشەممە، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، ڕێکخراوی کۆپەرنیکۆس بۆ تۆمارکردنی ئامارەکانی کەشوهەوا – سەر بە یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، گەرمترین مانگی ئۆکتۆبەری مێژوو بووە لەوەتەی ئامێرەکانی تۆمارکردنی پلەی گەرمی داهێنراون.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەپێی دواین داتاکانمان، مانگی ڕابردوو ١.٢٤ پلەی فەهرەنایت گەرمتربووە بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵانی ١٩٨١-٢٠١٠، و بە نزیکەیی ریکۆردەکەی ساڵی ٢٠١٥شی شکاندووە."

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی کۆپەرنیکۆس، "ئەو شەپۆلە گەرمایە بەتینە، زۆرترین کاریگەریی لەسەر زۆربەی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا و کەنەدا بووە و، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەی ئەفریقا، باشوری بەرازیل، ئوستراڵیا و ڕووسیاش بە شێوەیەکی بەرچاو پلەی گەرمایان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٩دا، هەریەک لە مانگەکانی، شەش، حەوت، هەشت و نۆ بە گەرمترین مانگەکانی ساڵ دیاریکران و بەم شێوەیەش ساڵی ٢٠١٩ زۆرینەی ریکۆردەکانی گەرمیی کەشوهەوای تێدا تۆمارکراوە.