سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: حکومەت چاکسازی کارگێڕیی و دارایی دەستپێکردووە

مەسرور بارزانی - سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-06

3427 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەپێناو ڕێگریکردن لە گەندەڵی، حکومەت چاکسازیی لە بوارەکانی کارگێڕیی و دارایی-دا دەستپێکردووە.

ئەمرۆ چوارشەممە، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، مەسرور بارزانی – سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکیدا لە دیداری مێری، باسی لە هەنگاوەکانی چاکسازیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، "دەمانەوێت خزمەتی خەڵک بکەین، نەک خۆمان بسەپێنین، ھەمان بۆچوونیش لە وەزیرەکانەوە دەبینرێت و حکومەتیش ریفۆرمی کارگێڕیی و دارایی دەستپێکردووە، بە هەماهەنگى لەگەڵ دەستەکانی دەستپاکی و چاودێریی دارایی بەیەکەوە کاردەکەن بۆئەوەی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و ڕێگری لە گەندەڵی بکەن".

لەبارەی کەرتی تەندرووستی هەرێمەوە ئاماژەى بەوەکرد، "کەرتی تەندروستی لە کوردستان گرفتى ھەیە، چونکە ئەگەر ئەو نەخۆشخانانە بتوانن خزمەت بکەن، دەبنە ھۆی زیادبوونى داھاتیش بۆ کوردستان".

هاوکات، سەرۆکی حکومەت سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی عێراق وتی، "ئەو دۆخەی عێراق تاوانی عادل عەبدولمەهدی – سەرۆک وەزیرانی عێراق نییە، بەڵکو کەڵەکەبوی حکومەتەکانی پێشترە".

مەسرور بارزانی سەبارەت بە ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا ئەوەی وت، "دوو تەوەر ھەیە کە کێشەی نێوان حکومەتی ھەرێم و بەغدان، ئەوانیش ناوچە کێشە لەسەرەکان و پرسى سامانی سرووشتین، بۆ ئەمەش خۆپیشاندانەکانی عێراق ڕێگربوون لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ ناوەند".

ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری)، دامەزراوەیەکە و گرنگی بە پرسی سیاسیی و سیستەمی فەرمانڕەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، کوردستان و عێراق بە تایبەتی دەدات و ساڵانە دیداری بۆ ساز دەدات.

لەم لینکەوە دەتوانن ڕاستەوخۆ بینەری دیداری مێری بن