سەردێڕ:

ئێران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ٥% بەرزدەکاتەوە

عەلی ئەکبەر ساڵحی - سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-06

838 جار خوێندراوەتەوە

ئێران ئاستی پابەندبوونەکانی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە کەمدەکاتەوە و پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ٥% بەرزدەکاتەوە.

عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، لە قۆناغی چوارەمی کەمکردنەوەی پابەندبوونەکانیان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم دەگەیەننە ٥% و دەشتوانن تا ئاستی ٢٠% بەرزیبکەنەوە.

زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ڕێگەی زیادکردنی پێدانی غاز بە ئامێرەکانی سەنترفیوج جێبەجێ دەکرێت.

دوێنێ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئامادەن لەو هەنگاوە پاشگەزببنەوە بە مەرجێک وڵاتانی دیکەش پابەندبن بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە.

وتیشی، ئێران بە ناچاری ئەو هەنگاوە دەنێت و ئەگەر ئابڵوقەی ئابووریی لەسەریان کەمکەنەوە و بتوانن پارەکانیان لە بانکەکاندا بەکاربهێنین، ئەوا پەشیمان دەبنەوە.

لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٥دا ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ گروپی وڵاتانی پێنج کۆ یەک ئیمزاکرا، بەڵام لە ئایاری ٢٠١٩دا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کشانەوەی ئەمریکای لەو ڕێککەوتنە ڕاگەیاند و، سزای ئابووری بەسەر ئێراندا سەپێنرایەوە.