سەردێڕ:

عێراق.. گەشتی دەرەوە لە سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی شیعە قەدەغەکرا

لۆگۆی دەستەی نەزاهەی عێراق
فۆتۆ: گووگڵ
2019-11-06

2473 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی نەزاهەی عێراق، لە هەنگاوێکی دیکەیدا، گەشتکردنی دەرەوەی وڵاتی لە سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی شیعی قەدەغەکرد.

ئەمڕۆ، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، دەستەی نەزاهەی عێراق، لە درێژەی هەنگاوەکانیدا بۆ بابەتی نەهێشتنی گەندەڵی، بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی گەشتکردنی دەرەوەی وڵات لە سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی شیعی و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەیى عێراق.

هاوکات دەستەی نەزاهە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، بڕیاری لێکۆڵینەوەیان لە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای موسەنا، جێگری دووەمی پارێزگار و بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنان، داوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٣ی ئەم مانگەدا، دادگای پارێزگاى زیقار، بە تۆمەتی تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی ئەم دواییەی ئەو پارێزگایە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە جەبار موسەوی و کوڕەکەی دەرکرد.

لەلایەکی ترەوە، دەستەی نەزاهەی عێراق، پێشتر بڵاویکردبوەوە کە بە هۆکاری تێوەگلانیان لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە وەزیری پێشووی تەندروستیی عێراق، وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق، پارێزگاری پێشووی بابل و پارێزگاری پێشووی بەسرە، دەرکراوە.

لە ماوەی پێشوودا، دەستەی نەزاهە ئاشکرایکرد، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٦٠ کەس، لەناویاندا وەزیرێکى ئێستا، دوو وەزیری پێشوو، پێنج پەرلەمانتار، ٣٨ ئەندامی ئەنجومەنى پارێزگاکان، دوو سەرۆکى ئەنجومەن و یەک پارێزگاری دیکە، دەرکراوە.