سەردێڕ:

مافی مرۆڤی عێراق: ھیچ حاڵەتێکی گێچەڵی سێکسی دژ بە ژنانی خۆپیشاندەر تۆمارنەکراوە

فۆتۆ: 
2019-11-06

1740 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، سەرەڕای بەشداریکردنی ھەزاران ژن لە خۆپیشاندانەکاندا ھیچ حاڵەتێکی گێچەڵی سێکسی تۆمارنەکراوە.

فەیسەڵ عەبدوڵا ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، تیمەکانیان بەمەبەستی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ بەسەرجەم شارەکانی عێراقدا بڵابونەتەوە، ڕۆژانە دەچنە ناو خۆپیشاندەرانەوە، تائێستا ھیچ حاڵەتێکی گێچەڵپێکردن ''تەحەڕوش'' ی سێکسی بۆسەر ئەو ژنانە تۆمارنەکراوە.

لەبەیاننامەکەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤدا ھاتووە ''ڕوونەدانی ھیچ حاڵەتێکی گێچەڵپێکردن نیشانەی یەکڕیزی خۆپیشاندەران و بوونی ئامانجێکی ھاوبەشە لە نێوان سەرجەم خۆپیشاندەراندا کە ئەویش چاکسازی ڕاستەقینە و گۆڕینی شێوازی حوکمڕانییە لە عێراق''.

فەیسەڵ عەبدوڵا ئەوەشی وتووە ''خەمی گەورەی خۆپیشاندەران ڕزگارکردنی عێراقە لە دەستی گەندەڵکاران و سەروەربوونی یاسایە''.

ئەمڕۆ خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق پێی نایە ڕۆژی سیانزەیەمینەوە و، داواکارییەکان لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانەوە گۆڕاوە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و بەسزاگەیاندنی تەقەکەران.