سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خامنەیی تاگ کردووە

فۆتۆ: 
2019-11-06

1153 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا خامنەیی تاگ کردووە وڕایگەیاند، پێویستە عێراق و لوبنان خۆیان خاوەنی بڕیار بن وئێران لەو دوو وڵاتە بچێتە دەرەوە.

مۆرغان ئۆرتاغۆس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، مایك پۆمپیۆ لە كۆبونەوەیەكیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری قەتەر تاوتۆێی چۆنێیەتی ڕووبەڕووبونەوەی ئێرانیان كرد و، هەردوو وەزیر بە پێویستیان زانی وڵاتانی كەنداو یەكگرتووبن لە بەرامبەر مەترسیەكانی ئێران و پێکەوە ڕووبەڕووى ئەو وڵاتە ببنەوە.

هاوكات مايك پۆمپیۆ لە تویتێکدا نوسیویشیەتی، عێراقییەکان و لوبنانیيەکان بۆیان دەرکەوتووە هەناردەی سەرەکی حکومەتی ئێران گەندەڵییە کە بە شێوەیەکی خراپ لە بەرگی شۆڕشدا پێچراوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیشی کردۆتەوە لەوەی کە مافی رەوای خەڵکی لوبنان و عێراقە چارەنوسی وڵاتەکەیان بگرنەدەست و خۆیان لە دەستوەردانەکانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئایینی ئێران رزگار بکەن.

پۆمپیۆ ڕاشیگەیاندووە، ئێران بە ئاشكرا دەست لە كاروباری عێراق و لوبنان وەردەدات، بە وتەی ئەو ڕەفتارەكانی ئێران لوبنانییەكان و عێراقییەكانی بێزاركردووە و، لە ئێستادا خەڵكی ئەو دوو وڵاتە داوای چونەدەرەوەی ئێران دەكەن لە وڵاتەكانیاندا.

هەردولا جەختیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان قەتەر و ئەمریكا كردەوە و باسیان لە ڕەوشی ئێستای سوریاو لوبنان و عێراق كرد.

ئەم كۆبونەوەیەی نێوان ئەمریكاو قەتەر لە كاتێكدایە لە تەمموزی ساڵی 2017 وە هەریەكە لە وڵاتانی سعودیەو بەحرەین و ئیمارات و میسر پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتی قەتەر بەتەواوی پچڕاندووە، تەنانەت هاتوچۆی ئاسمانی و ئاویی و وشكانیشیان لەگەڵ ڕاگرتووە، ئەوەش بە بیانووی ههماهەنگیكردنی قەتەر لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران.