سەردێڕ:

کوەیت: نامەى ئێرانمان گەیاندووتە وڵاتانى کەنداو

خالید جارەڵا - جێگرى وەزیرى دەرەوەى کوەیت
فۆتۆ: 
2019-11-06

1589 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی کوەیت رایگەیاند، بەمەبەستی ئاشتی لە ناوچەکەدا، نامەی ئێرانی بە وڵاتانی کەنداو گەیاندووە.

خالید جارەڵا جێگرى وەزیرى دەرەوەى کوەیت لە کۆنفراسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەى نامەى نیازپاکیی تارانى بە وڵاتانى سعودیە و بەحرێن گەیاندووە و تا ئێستاش وەڵامى نامەکە لەبارەى ئاسایشى ناوچەى کەنداو نەدراوەتەوە.

سەبارەت بە دیاریکردنى لوتکەى کەنداو، خالید جارەڵا ئاماژەى بەوەکرد، گفتوگۆکان لەگەڵ وڵاتانى کەنداو بەردەوامن و تا ئێستا کاتەکەى دیارینەکراوە.

حەسەن ڕوحانى سەرۆک کۆمارى ئێران، پاش دەستپێشخەرییە ئاشتییانەکەى کە لە کۆبوونەوەى کۆمەڵەی گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەى رابردوو پێشکەشی کرد، نامەیەکى وەک نیازپاکى بۆ وڵاتانى سعودییە و ئیمارات و بەحرەین و قەتەر و کوەیت و عێراق و عەمان ناردووە، لە نامەکەدا ڕوحانى داواى لەو وڵاتانە کردووە کە هاریکارى ئێران بن لە دابینکردنى ئاسایشى گەرووى هورمز و پاراستنى ئەو ناوچە ئاوییانە بەڕووى کەشتییە بازرگانییەکاندا.