سەردێڕ:

نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا ئاساییە و هیچ نەگۆڕاوە

نێچیرڤان بارزانی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: NRT
2019-11-05

4524 جار خوێندراوەتەوە

نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، ئەوان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیادا ئاساییە و هیچ لە پەیوەندییەکانیشیان نەگۆڕاوە.

ئەمرۆ سێشەممە، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە بەشداری بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان و پارتە سیاسییەکانی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی عێراق و ئەگەری دەستکاریکردنی دەستووری عێراق کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، نێچیرڤان بارزانی جگە لە دۆخی عێراق و خۆپیشاندانەکان و پرسی هەمواری دەستووری عێراق، وتیشی، "تورکیا دراوسێی ئێمەیە و هیچ شتێک لەنێوان ئێمە و تورکیادا نەگۆڕاوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، مانگی ڕابردوو،  تورکیا هێرشی سەربازیی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و تێیدا سەدان شەڕڤان و هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و هەزاران هاوڵاتیش ئاوارەبوون. هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش چاویان لەوەبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانیان دەستی هاوکاریی بۆ کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان درێژ بکەن و ببنە پردێک بۆ یارمەتیدان و دەربازبوونی رۆژئاوای کوردستان لە دەست هێرشەکانی تورکیا.