سەردێڕ:

رۆحانی: قۆناغی چوارەمی کەمکردنەوەی پابەندیمان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێدەکەین

حەسەن رۆحانی - سەرۆک کۆماری ئێران
فۆتۆ: میدیاکانی ئێران
2019-11-05

1710 جار خوێندراوەتەوە

حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، لە سبەینێوە قۆناغی چوارەم لە کەمکردنەوەی پابەندییەکانیان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە دەستپێدەکەن.

لە کاتی کردنەوەی کارگەیەکی نوێدا لە تاران-ی پایتەختی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، حەسەن روحانی ڕایگەیاند، ئێران لە سبەینێوە دەست دەکات بە کەمترکردنەوەی پابەندییان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە هەروەکو چۆن لە ماوەی پێشوودا سێ قۆناغی دیکەی کەمکردنەوەی پابەندبوونیان بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە ئەنجامداوە.

روحانی ئەوەشی وتووە، "چالاکییە ئەتۆمییە نوێکانی ئێران لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا دەبێت".

ئەو سەرۆک کۆمارە ڕوو بە وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتنەکە ئاماژەی بەوەدا، "دەکرێت لە هەنگاوی چوارەمی کەمکردنەوەی پابەندیمان پاشگەز ببینەوە، بەڵام بەو مەرجەی ئەوانیش پابەندییەکانیان بە ڕێککەوتنەکەوە زیاد بکەنەوە".

روحانی زیاتری وت، "ئێمە بە ناچاریی ئەم هەنگاوە دەنێین و ئەگەر وڵاتانی نەیارمان ئابڵوقەی ئابووریان لەسەرمان کەمکردەوە و توانیمان پارەکانمان لە بانکەکاندا بەکار بهێنین، ئەوا ئێمەش پەشیمان دەبینەوە".

ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ گروپی وڵاتانی ٥+١ (پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی: ئەمریکا، ڕوسیا، بەریتانیا، فەڕەنسا و چین + ئەڵمانیا)، لە نیسانی ٢٠١٥ ئەنجامدرا. ڕاپۆرتی کارکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمدا دەبێت. ڕێککەوتنەکە هەتا ساڵی ٢٠١٩ بە باشی قۆناغەکانی بەڕێوەدەچوو، بەڵام لە ئایاری ٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمریکا، بە فەرمی کشانەوەی ئەمریکای لەو ڕێککەوتنە ڕاگەیاند و بەمەش سزاکانی سەر ئێران گەڕانەوە و زیاتریش بوون. بەم هۆکارە، ئێرانیش تا ئێستا بە سێ قۆناغ پابەندیی بە ڕێککەوتنەکە کەمکردووەتەوە و سبەینێش قۆناغی چوارەم دەستپێدەکات.