سەردێڕ:

​فه‌رمانگه‌ى داواكارى گشتى گه‌رمیان مانگرتنى راگه‌یاند

ساتی ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی فەرمانگەی داواکاری گشتی گەرمیان
فۆتۆ: NRT
2019-11-05

9603 جار خوێندراوەتەوە

کارمەندانی فەرمانگەی داواکاری گشتی گەرمیان بەهۆی ناڕەزاییان لە شێوازی مامەڵەکردنی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم،  مانگرتنیان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، کارمەندانی فەرمانگەی داواکاری گشتی گەرمیان مانگرتنیان ڕاگەیاند و ڕاشیدەگەیەنن کە هیچ دۆسییەیەک نابینن هەتا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە.

ئەوان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەشیان وت، "ئێمە سوێندمان خواردووە کە دژایەتی گەندەڵی و دەستدرێژی هەرکەس و لایەنێک بکەین، بۆیە بێدەنگ نابین".

ئاماژەیان بەوەشدا، "بواری دادوەرییش هەروەکو دام و دەزگاکانی تر، کەم تا زۆر بەدەر نییە لە گەندەڵیی و لە سنوری گەرمیان کۆمەڵێک گرفتمان هەیە و پێویستیان بە چارەسەرە".

زیاتریان وت، "گرفتەکانمان پەیوەندی بە شێوازی مومارەسەی ئیداریی و یاسایی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەوە هەیە".

ئەوەشیان وت، "دوای سەردانکردنی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم، پێیان وتوین کە سنوری ئێوە لە زۆنی سەوزە و بڕۆن سەردانی کۆمەڵێک بەرپرسی حیزبی بکەن کە نامانەوێت ناوەکانیان بڵێین".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بە وتەی چاودێران، لە هەرێمی کوردستاندا، کۆی دام و دەزگاکان هەیمەنەی حیزبییان پێوە دیارە و دابەشبوون بەسەر دوو زۆنی دیاریکراودا و ئەمرۆش، لە زاری فەرمانگەی داواکاری گشتی گەرمیانەوە ئەوە بیسترا کە ئەنجومەنی دادوەری هەرێم خۆیان باسیان لەوە کردووە کە دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەیەکی دیاریکراودا نییە و داوایان لە فەرمانبەرەکانی خۆیان کردووە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان سەردانی بەرپرسە حیزبییەکان بکەن.