سەردێڕ:

​دابەشکردنی نەوتی سپی لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد

سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان
هاوڵاتییان لە کاتی وەرگرتنی نەوتی سپیدا - ساڵانی ڕابردوو
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-11-05

13966 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی، بڕیار نێروەیی، دهۆک

ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆک و لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەکە دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان دەکرێت.

نوێنەری پارێزگاری دهۆک بۆ بڵاوکردنەوەی وزە ڕایگەیاند، ٨ ملیۆن لیتر نەوتی سپی ئامادەکراون و ئەمڕۆ، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، دەست بە دابەشکردنی بەسەر هاوڵاتییانی ناوچە شاخاوییەکان و گوندەکانی دەوروبەری سەنتەری شاری دهۆک دەکەن.

لەمڕۆوە ڕۆژانە بە سێ تانکەری نەوت کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دابینکراوە، نەوت لە سنوورە شاخاوییەکان و گوندەکانی ئەو پارێزگایە دابەشدەکرێت.

بەڵام لەگەڵ ئەوەی دهۆک ناوچەیەکی سارد و زستانی سەختی هەیە، بەڵام ئەو دابەشکردنە سەنتەری شارەکە ناگرێتەوە و ئەوا بۆ ماوەی چوار ساڵە لە سەنتەری شاری دهۆکدا نەوت دابەشنەکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بڕی پێویستی نەوت بۆ ئەوەی بەشی هەموو پارێزگای دهۆک بکات بریتییە لە نزیکی ٥٢ ملیۆن لیتر و ئەمەی کە دابەش دەکرێت کەمترە لە سەدا ٢٠ی تەواوی پارێزگاکە.