سەردێڕ:

ئەمریکا لە ڕێککەوتنى جیهانی کەشوهەوا دەکشێتەوە

فۆتۆ: 
2019-11-05

2329 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا ڕایگەیاند، هەفتەى داهاتوو لە ڕێککەوتنى جیهانی پاریس بۆ کەشوهەوا دەکشێتەوە.

میدیا  جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، سەرباری ئەوەى ڕەخنەیەکى زۆر لە ئەمریکا گیراوە لەو بارەیەوە، بەڵام مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ڕۆژى دووشەممەى داهاتوو ئەمریکا بە فەرمی لە ڕێککەوتنەکە دەکشێتەوە.

پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەکردووە، "کشانەوەمان  لەو ڕێککەوتنە دوای ساڵێکی تەواو دێت لە ناردنی ئاگادارکردنەوەى ڕێککخراوە نێودەوڵەتییەکان لەو بارەیەوە".

دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژى ٢ی تشرینى دووەمی ٢٠١٧ ڕایگەیاند، لە ڕێککەوتنى پاریس بۆ کەشوهەوای جیهان دەکشێتەوە و مەرجەکانی کشانەوە و ڕێکارەکانیش بە پێی ڕێککەوتنەکە لە ٤ی ئەم مانگە هاتەجێ و لە ئێستادا ئەمریکا بە فەرمی دەکشێتەوە.

ئەم هەنگاوەى ئەمریکاش بووە هۆی ئەوەى بەشێک لە وڵاتانی بەشداربووی ڕێککەوتنەکە ڕەخنەى توندی لێبگرن بە تایبەت فەرەنسا کە هەوڵی نزیکبوونەوە لە چین لە بری ئەمریکا دەدات.

ڕێککەوتنى پاریس بۆ کەشوهەوا لە ٢٢ی نیسانى ٢٠١٦ لەنێوان ١٩٥ وڵاتی جیهان لە پاریس واژۆکرا و ڕێککەوتن لە سەر ئەوەى بە ڕێژەى %٢٦ گازە ژەهراوییەکانی کارگە پیشەسازییەکان کەمکرێتەوە لەسەر ئاستى جیهان.