سەردێڕ:

توک توک.. لە بێزارکەرەوە بۆ پاڵەوان

فۆتۆ: 
2019-11-04

4564 جار خوێندراوەتەوە

ماتۆڕسکیلی توک توک کە چەند ساڵێکە هاتووەتە عێراقەوە، لە سەرەتادا بە بێزارکەر ناوی دەبرا، بەڵام ئێستا بە پاڵەوانی خۆپیشاندانەکان ناویدەبەن.

ماتۆڕسکیلی توک توک وەک دەرئەنجامێک بوو بۆ زیادبوونی قەرەباڵغیی سەر شەقامەکان، هەروەها جێگرەوەیەکی هەرزانترە لە ئۆتۆمبێلی تەکسی.

توک توک لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی شاری بەغداوە، لە سەرچاوەیەکی بێزارکەرەوە ناوی گۆڕاوە بۆ پاڵەوانی خۆپیشاندانەکان و ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەگێڕێت لە خۆپیشاندانەکاندا بە گواستنەوەی بریندارەکان.

توک توک بە چیرۆکی ئەو پیاوە جەربەزانە دادەنرێت کە سەرکێشی بە ژیانیانەوە دەکەن و بەناو گولـلە و غازی فرمێسکڕێژدا تێپەڕدەبن تا خۆپیشاندەرە بریندارەکان ڕزگاربکەن، لە پۆستەر و کاری گرافیکەکانی سەر شەقامەکانی بەغدادا بە "بزوتنەوەی توک توک" ناودەبرێن.

لەو چوارچێوەیەدا حوسام ڕەسام گۆرانیبێژی بەناوبانگی عێراقی، هەڵبەستێکی نیشتیمانیی بۆ خۆپیشاندانەکان و شۆفێرانی توک توک کردووە بە گۆرانی، بە پاڵەوان ناویان دەبات.

ماتۆڕسکیلی توک توک لە خۆپیشاندانەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە، لە گەیاندنی پێداویستییەکان بۆ گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکانەوە هەتا گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان، توک توک بەهۆی بچووکیی قەبارەکەیەوە دەچێتە هەموو ئەو شوێنانەی کە ئەمبۆڵانسی ئاسایی ناتوانێت بۆی بچێت.

بە گشتی شۆفێرانی ماتۆڕسکیلی توک توک لە چینی هەژارنن، یان ئەوانەی خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگاکانن و هەلی دامەزراندنیان پێنەدراوە، لە ئێستاشدا بە ڕێزەوە لە شۆفێرانی توک توک دەڕوانرێت.

پاش بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، کە تیایدا شازادە ویلیام شازادەی بەریتانیا و هاوسەرەکەی لەناو ماتۆڕسکیلی توک توکدا لە پاکستان پێشوازییان لێ دەکرێت، خەڵکی دەپرسن "ئایا کام سەرکردە و بەرپرسی عێراقی لە خۆی ڕادەبینێت سواری توک توک ببێت و وەک شازادە ولیام بە سادەیی لێی بڕوانێت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دووشەممە یەکەمین ڕۆژنامە بە ناوی "توک توک" لە شاری بەغدا دەرچوو.