سەردێڕ:

رێدور خەلیل: برینداربوونی مەزڵوم کۆبانی دوورە لە ڕاستییەوە

فۆتۆ: 
2019-11-04

77177 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ، قامیشلۆ ، کاوە ئەدهەم 

 بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە ڕایگەیاند، هەواڵی برینداربوونی مەزڵوم کۆبانی دوورە لە ڕاستییەوە.

رێدور خەلیل بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی هەسەدە لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی، ڕەتیکردەوە، کە مەزڵوم کۆبانی لە نزیک شنگال بریندارکرابێت.

هاوکات سەرچاوەیەکی تایبەتیش لەناو هەسەدە بە ئێن ئاڕ تیی ڕایگەیاند، ئەوەى بڵاوکراوەتەوە تەنها بۆ تێکدانی ورە و موڕاڵی شەڕڤانان بووە و دوورە لە ڕاستییەوە.

ئەو لێدوانەی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی هەسەدە دوای ئەوە دێت، کە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەی خانەسۆریان لە شنگال بۆردوومانکرد و چەند سەرچاوەیەکیش باسیان لەوە کرد، لەو بۆردومانەدا مەزڵوم کۆبانی لەوێ بووە و برینداربووە.

لە بۆردومانەکەى ئەمڕۆى فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا لە نزیک شنگال دوو شەڕڤانی هێزەکانی بەرخۆدانی شنگال برینداربوون.

مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتە و پێشتر چەندجارێک تورکیا داوای لە ئەمریکا کردووە کە ڕادەستیان بکات، بەهۆی ئەوەی لە لیستی داواکراوانی تورکیادایە، لە دواى هێرشەکانى تورکیاش بۆ سەر رۆژئاوا، مەزڵوم کۆبانی بووەتە ناوێکى دیار لاى وڵاتانى زلهێزى جیهان.