سەردێڕ:

بەڕێوەبەری ماکدۆناڵدز لە کارەکەی دەرکرا

ستیڤ ئیستەربوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی ماکدۆناڵدز
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-04

5185 جار خوێندراوەتەوە

ستیڤ ئیستەربوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری براندی خواردنی خێرای جیهانی، ماکدۆناڵدز، بەهۆی هەبوونی پەیوەندی سۆزداریی لەگەڵ کارمەندێکیدا، لە کارەکەی دەرکرا.

ئیستەربوک-ی ٥٢ ساڵ، پیاوێکی بازرگانی بەریتانییە و لە ساڵی ١٩٩٣، بۆ یەکەم جار وەکو بەڕێوەبەری لقێکی ماکدۆناڵدز لە لەندەن، لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراودا دەستی بەکارکردووە.

ئەو کە تا دوێنێ بەڕێوەبەری بەناوبانگترین براندی خواردنی خێرا (فاست فوود)ی دونیابوو، لە ئیمەیڵێکیدا بۆ یەکێک لە ستافەکەی وتویەتی، "ئەو پەیوەندییە هەڵەیەک بوو، کردم".

هاوکات لەبارەی کۆمپانیاکەیەوە وتی، "من لە ساڵی ٢٠١٣وە بەرێوەبەری ماکدۆناڵدز-م و دەزانم یاساکان چۆنە، هەربۆیە منیش هاوڕام لەگەڵ بۆردی کۆمپانیاکە، بەڵێ بەهۆی ئەمەوە ئیتر کاتییەتی من بڕۆم".

کۆمپانیاکەش لای خۆیەوە ڕایگەیاند، پەیوەندییەکەیان دوولایەنە بووە هیچ کێشەیەکی ئەخلاقی بۆ خۆیان تێدا نییە، بەڵام ئیستەربوک یاسای کۆمپانیاکەمانی شکاندووە و بێ ئیرادە و لە بڕیارداندا لاواز بووە.

کۆمپانیای ماکدۆناڵدز، لە ساڵی ١٩٤٠ لە کالیفۆرنیا-ئەمریکا دامەزراوە و بە گەورەترین کۆمپانیای خواردنی خێرا لە ئەمریکا و تەواوی جیهاندا دادەنرێت. رۆژانە نزیکەی ٧٠ ملیۆن کڕیاری هەیە و بەرهەمەکانی لە ١٠٠ وڵاتدا پێشکەشدەکرێت. لە تەواوی جیهانیشدا دووەم گەورەترین کۆمپانیایە بۆ هەبوونی زۆرترین کارمەند، کە نزیک بە ١ ملیۆن و حەوت سەد هەزار کارمەندی، لە تەواوی جیهاندا، هەیە.