سەردێڕ:

عێراق: نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان ھێڵی سورە

فۆتۆ: 
2019-11-04

2429 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر سوتانی کونسوڵخانەی ئێران لە کەربەلا رایگەیاند، نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان ھێڵی سورە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، ئیدانەی ئەو کارە دەکەین کە شەوی رابردوو لە کەربەلا روویداوە کاتێک ھەندێک خۆپیشاندەر ھێرشیان کردۆتەوە سەر کونسوڵخانەی ئێران.
راشیگەیاند، بەغداد پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی کونسوڵخانەکان بەپێی رێککەوتنی ڤێنا کە دیاریکراوە و نابێت ئاسایشیان بکەوێتە مەترسییەوە.
سەحاف دوپاتیکردەوە، ئاسایشی نوینەرایەتییەکان ھێڵی سورە و رێگە نادرێت ببەزێنرێت و ھێرشی بکرێتە سەر.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کردەوانە کاریگەری نابێت لەسەر پەیوەندی دۆستایەتی نێوان عێراق و ئەو وڵاتانە.
شەوی رابردوو سەدان خۆپیشاندەر لە شاری کەربەلا-ی باشوری عێراق، بەردبارانی کونسوڵخانەی ئێرانیان کرد و دواتر سوتاندیان و دواتر بەھۆی رووبەرووبونەوەی خۆپیشاندەران لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان دۆخەکە ئاڵۆزیی لێکەوتووەتەوە و بەھۆیەوە پێنج کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠ کەسیش برینداربوون.