سەردێڕ:

بەکارھێنانی بۆمبی فرمێسکڕێژ لە دژی خۆپیشاندەران حەرامکرا

مەرجەعێکى شیعەکان فەتواکەى دەرکردووە
فۆتۆ: 
2019-11-04

2473 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لە مەرجەعەکانی شیعەکانی عێراق بەکارھێنانی بۆمبی فرمێسکڕێژی لە دژی خۆپیشاندەران حەرامکرد.
قاسم ئەلتائیی، کە یەکێکە لە مەرجەعەکانی شیعەکان دەڵێت، بەھۆی ئەوەی چەند کەسێک بەھۆی بۆمبی فرمێسکڕێژەوە کوژراون و مێشکی چەند خۆپیشاندەرێکش زیانی بەرکەوتووە، بۆیە بەکارھێنانی بۆمبی فرمێسکڕێژیان حەرامکردووە.
لە فەتواکەی ئەو مەرجەعەی شیعەکاندا ھاتووە، ھیچ یەکێک لەوانەی کارمەندن و بەرپرسن لە بەکارھێنانی بۆمبە فرمێسکڕێژەکان شەفاعەتیان بۆ ناکرێت، ئۆباڵی شەرعی دەکەوێتە ئەستۆ و لە ڕووی عەشائیریشەوە بەھەمان شێوە بەرپرس دەبن.

قاسم ئەلتائیی داواشدەکات، ھەر کەسێک بۆمبی فرمێسکڕێژی دژی خۆپیشاندەران بەکارھێنا، بایکۆتی بکەن و لەھیچ کاروبارێکی دنیایی و کۆڕ و دانیشتنێک مامەڵەی لەگەڵ نەکەن و وەک کەسانی قێزەون و ناشیرین بیان ناسێنن.
بەھۆی بەکارھێنانی بۆمبی فرمێسکڕیژ لە روبەروبوونەوەی خۆپیشاندەراندا لە سەرەتای مانگی رابردووەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٦٠ کەس کوژراون و نزیکەی ١٤ ھەزار کەسیش برینداربوون.