سەردێڕ:

ئاڵا تاڵەبانی: خۆپیشاندەرانی عێراق ڕەخنەی زیاتریان لە پەرلەمانتارە کوردەکان هەیە وەک لە عەرەبەکان

فۆتۆ: 
2019-11-03

8322 جار خوێندراوەتەوە

ئاڵا تاڵەبانی ڕایگەیاند، خۆپیشاندەرانی عێراق ڕەخنەی زیاتریان لە پەرلەمانتارە کوردەکان  هەیە وەک لە عەرەبەکان و هەندێکیان پێیانوایە  کوردەکان تەنها بۆ موچە و ئیمتیازاتی خۆیان لە پەرلەمانن.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی، ئاڵا تاڵەبانی ئەندام پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا پێیان وایە پەرلەمانتارە کوردەکان تەنها بۆ موچەی خۆیان و نەوت هاتوون بۆ بەغدا.

وتیشی "پێویستە ئێمە ئەمە بگۆڕین، ڕاستە بەشێکی هاتنی ئەندام پەرلەمانەکان وەک نوێنەری کوردستانە، بەڵام ئەوان نوێنەرێکی نیشتیمانین، ناکرێ لە بەسڕە خەڵک بکوژرێت بڵێن کێشەی ئێمە نییە، پێویستە بڵێن ئێمە لەگەڵ خۆپیشاندەرانین و لە دژی توندوتیژین".

هەروەها باسی لەوەش کرد "خۆپیشاندانەکان زیانێکی زۆریان بۆ ئابووری عێراق هەبووە، ئەگەر پەرلەمانتارانی کورد و خەڵکی کوردستان پێیان وابێ ئەمە زیان بە کوردستان ناگەیەنێ هەڵە بیر دەکەنەوە".

وتیشی ئەگەر ئەم دۆخە تێک بچێت ئەوا بابەتی بودجە دێتە پێشەوە کە نوێنەرانی کورد چۆن بەرگری لە نەوت و بودجە بکەن، چونکە لە دۆخێکی ئاساییدا بەرگری کردن لە بودجە قورس بوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی ١٠ ڕۆژە خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەختی عێراق و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق بەردەوامە و خۆپیشاندەران هەرکاتێک دوو هەنگاوەکەی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی پێدا (دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت) چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا خۆپیشاندانەکان هێوردەبنەوە.