سەردێڕ:

عادل عەبدولمەهدی: خۆپیشاندەران زۆربەى ​ئامانجەکانیان بەدەستهێناوە

فۆتۆ: 
2019-11-03

3221 جار خوێندراوەتەوە

عادل عبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی  عێراق ڕایگەیاند، خۆپیشاندەران زۆربەى ئامانجەکانیان بە دەستهێنا و وایان لە سێ سەرۆکایەتییەکە کرد بە هەڵوێستەکانیاندا بچنەوە.

عادل عبدولمەهدی راگەیەندراوێکی لەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق بڵاوکردەوە و لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ لێکۆڵینەوە لە جۆری ئەو چەکانەی دژى خۆپیشاندەران بەکارهێنراوە، لیژنەیەکیان دروستکردووە.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، هەر بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە چەندین بڕیار لەلایەن حکومەت و پەرلەمان و دەزگا بەرپرسەکانەوە دەرچووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و هەموو چین و توێژەکان پشتگیرییان کردوە.

دەشڵێت، هەر بەهۆی خۆپیشاندانەکانیشەوە پرۆسەى خوێندن لەچەند شارێک وەستاوە و کێشەى بۆ ژیانی ئاسای خەڵک و نەخۆشخانەکان دروستکردووە کە ئیتر کاتی ئەوەیە ئەو کێشانە کۆتاییان پێبێت.

لە کۆتایشدا سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، پێویستە ئیتر ژیان لە شارەکانی عێراق ئاسایی ببێتەوە و هاوڵاتییان و مافەکانیان بپارێزێت.

ئەمڕۆ ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، بۆ دەیەم ڕۆژ لەسەریەک، خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و بەشێک لە شارەکانی دیکەی عێراق بەردەوامن و تا ئێستا، دوو خۆپیشاندەر کوژراون.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕاشیگەیاند، هەر ئەمڕۆ، ٢٨ خۆپیشاندەری دیکە برینداربوون و بەشێکیان فیشەک بەر سەریان کەوتووە و بە سەختی برینداربوون.

خۆپیشاندانەکانی عێراق، لە ٢٥ی مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکردووەتەوە و تا ئێستا، زیاتر لە ٢٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون و نزیک بە ١٠ هەزار-یش، برینداربوون.

ڕێکخەرانی خۆپیشاندەران لە چەند ڕۆژی پێشتردا ڕایانگەیاندبوو، هەرکاتێک ئەو دوو هەنگاوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی پێدا (دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت) چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا خۆپیشاندانەکان هێوردەبنەوە و ئەمانیش بۆ دوو داوای سەرەکی دیکەیان (گۆڕینی دەستوور و گۆڕینی سیستمی حوکم) دەچنە سەر مێزی گفتوگۆ.