سەردێڕ:

ئێران: لە هەر وڵاتێکەوە هێرش بکرێتە سەرمان وەک دوژمن مامەڵەى لەگەڵ دەکەین

فۆتۆ: 
2019-11-03

2132 جار خوێندراوەتەوە

سوپاى ئێران ڕایگەیاند، لە ئەگەرى هەڵگیرساندنى شەڕ لەگەڵ وڵاتەکەیان، بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج و هەر وڵاتێکیش خاکەکەى بخاتە خزمەتى ئەمریکاوە ئەوان وەکو دوژمن مامەڵەى لەگەڵ دەکەن.

ئەبو فەزڵ شکارچى وتەبێژى سوپاى ئێران لە وتەیەکیدا بۆ ئاژانسى فارس نیوزی ئێرانى ڕایگەیاندووە، ئەگەر شەڕ لە دژى ئێران هەڵگیرسێت ئەوا وەڵامى ئەوان سنورێکى جوگرافیى بەرفراوان دەگرێتەوە، بەجۆرێک هەموو ئەو وڵاتانەى خاک و ئاسمانیان دەخەنە خزمەتى ئەمریکاوە وەکو دوژمنى ئێران مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن و، بەرژەوەندییەکانى ئەمریکاش لە هەرکوێ بێت دەیکەنە ئامانج.

شکارچى جەختى لەوەش کردەوە، ئێران دەسپێشخەریى شەڕ ناکات، بەڵام لەکاتى هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە، بەجۆرێک وەڵام دەدەنەوە کە دوژمنانى ئێران پەشیمان ببنەوە لە کردەوەکانیان، چونکە "هەر هێرشێک بە ١٠ هێرش وەڵام دەدەینەوە."

وتەبێژى فەرمیى سوپاى ئێران ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئێران بەهێزە و توانا سەربازییەکانیان تەنها لەناو خاکى ئەو وڵاتەدا سنوردار نەکراوە، بەڵکو لە زۆربەى ناوچەکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست ئێران خاوەنى هێزى سەربازى و مرۆییە و، لەکاتى هەڵگیرساندنى شەڕدا سەرجەم تواناکانیان بەکاردەهێنن.

ئەبوفەزڵ وتووشیەتى، ئەو وڵاتانەى کە هانى ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیلیان دەدا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ئێستا بۆیاندەرکەوتووە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى تواناى پاراستنى خۆشیان نەماوە، بۆیە لە ئێستادا ئێران لە هەموو کاتێک بەهێز و دامەزراوترە.