سەردێڕ:

وەزیرى بازرگانیى عێراق هۆشداريی دا لە دواخستنى بەشەخۆراکى مانگانەى هاوڵاتییان

بەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە
فۆتۆ: 
2019-11-03

2380 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى بازرگانیى عێراق ڕایگەیاند، داخستنى دەروازە ئاوییەکانى باشورى عێراق لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ناردنى بەشەخۆراکى مانگانەى هاوڵاتییان دوادەخات و زیانى زۆریش بە ئابووریى وڵات دەگەیەنێت.

محەمەد عانى وەزیرى بازرگانیى عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، خۆپیشاندەران چوونەتە ناو دەروازە ئاوییەکانى باشورى عێراق و ئاڵوگۆڕى بازرگانییان لەو دەروازانە پەکخستووە، ئەمەش بە وتەى عانى دەبێتەهۆى دواکەوتنى بەشە خۆراکى هاوڵاتییان و زیانێکى گەورەش بە ئابووریى عێراق دەگەیەنێت.

ئەو وەزیرە ئەوەشى خستووەتەڕوو، لە ئێستادا چەند کەشتییەک کە برنج و چەند ماددەیەکى خۆراکیى دیکەیان هەڵگرتووە، لە بەندەرەکانى خوارووى عێراق ڕاگیراون و چاوەڕوانى داگرتنى بارەکانیانن، کە بە تێچوویەکى زۆر کڕدراون و بەوەش دارایى عێراق زیانى پێدەگات.

محەمەد عانى ئەوەشى وتووە، وەزارەتەکەیان پشتیوانیى تەواوى داواکانى خۆپیشاندەرانە و، لە هەمان کاتدا داواشیان لێدەکات بەرژەوەندییەکانى گەل و وڵات نەخەنە ژێر مەترسییەوە، بەتایبەت کە ئەو کەشتییانە خۆراکیان بۆ خەڵکى عێراق دابینکردووە.

بەندەرى ئوم قەسر گەورەترین بەندەرى عێراقە، نزیکەى سەدەیەکە دروستکراوە و عێراق جگە لە هاوردەکردنى کاڵاى خۆراکى و نەوتیش لەو بەندەرەوە، هەناردەى بازاڕەکانى جیهان دەکات کە سەرچاوەى سەرەکیى داهاتى عێراقە.