سەردێڕ:

ئەڵمانیا داوا لە کوردەکانی وڵاتەکەی دەکات سەردانی تورکیا نەکەن

فۆتۆ: 
2019-11-02

10101 جار خوێندراوەتەوە

بە پێی هەواڵێکی گۆڤاری "دیر شپیگل"ی ئەڵمانی، ئەڵمانیا داوا لە کوردەکانی وڵاتەکەی دەکات سەردانی تورکیا نەکەن.

گۆڤاری دیر شپیگلی ئەڵمانی، ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، داوا لە کوردەکانی وڵاتەکەی "کە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەڵمانین" دەکات، سەردانی تورکیا نەکەن.

لە گۆڤارەکەشدا هاتووە کە تورکیا ناوی ئەو کوردانەی لەلایە کە چالاکوانن و خاوەنی ڕەگەزنامەی  ئەڵمانین.

هەروەها گۆڤارەکە باس لەوە دەکات تورکیا ١٤ هاوڵاتی کوردی دەستگیرکردووە کە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەڵمانین، ئەوەش تەنها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە دوای هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ناڕەزایەتییەکان لەلایەن وڵاتان و هاوڵاتییە کوردییەکانی ناوچە جیاوازەکانی جیهانەوە سەریان هەڵدا، لە ئەڵمانیاش چەندین جار گرژیو ئاڵۆزی لە نێوان هاوڵاتییە کوردەکان و تورکەکانی ئەو وڵاتەدا درووست بووە کە خاوەنی رەگەزنامەی ئەڵمانین.

هاوکات لە چوارچیوەی کاردانەوەکانی هێرشەکانی تورکیاشدا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەڵمانیا لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا ناردنی چەکی بۆ تورکیا هەڵپەسارد.